Category Archives: ناساندنی پەرتووک

قوربانی و جەللاد گی كورنوو

99

قوربانی و جەللاد
قوربانيی دەستی كەسانی تر و جەللادی خۆمانین
نووسینی: گی كورنوو

سەڵاح حەسەن پاڵەوان
کردوویە بە کوردی

نمایشێک لەم کتێبەوە

شكستی بەردەوام

ڕەنگە لە ژیاندا بێ ئەوەی بتوانی لەدەستی هەڵبێی، ساتێ دێت لەمیانەیدا هەرچی شتە بێكەڵكە، ئەم بەدحاڵیبوونە هەندێ جار هۆكاری دەرەكیی هەیە، وەك ڕوودانی جیابوونەوەی ژنومێرد، شكستهێنان، نەخۆشییەكی كوشندە، بەدبەختییە هەمەجۆرەكان. هەندێ جاریش هۆكاری ئەو ڕووداوانە پەیوەندیی بە دەروونەوە هەیە و لە ناخی خودی مرۆڤەوە هەڵدەقووڵێ. بەگشتی دەتوانین بڵێین باری دووەم لە باری یەكەم گرانترە، لەبەر ئەوەی هیچ بیانوویەك بۆ ڕێنوێنیكردنی باری مرۆڤ بوونی نییە. هەموو شتێك لە دەرەوە ڕێكوپێكە. سەركەوتن بەدەست هاتووە، بەڵام لە دەروونەوە هەستی تێكشكان وەك خۆی ماوەتەوە. هەروەك بڵێی سەرەداوی چارەسەری لەدەست دەرچووبێ.

بە هەرحاڵ ئەم تێنەگەیشتنە لە كوێوە هاتووە؟ ئەوە گرنگ نییە، لەپڕ پێدەچێت سەرەداوی ژیانمان لەدەست دەرچووبێ. هەستێك لە ناخمانەوە سەریهەڵدابێ، هەر باس ناكرێت، ئەم هەستە دەكرێ لە دەروونمانەوە بە شێوەی خەمێكی مەزن یا ماندووبوونێكی گەورە دەركەوێ، یان ببێتە هۆی جووڵێنەری ناخ و ئارەزوونەكردنی ژیان، بەپێی بۆچوونی لیۆنارد كۆهینی شاعیر، وا هەست دەكەین “ڕووبەڕووی تێكشكانێكی بەردەوامین. ناتوانین دەروونمان وێران بكەین. هەستێك ناخمان دەشێوێنێ و ئازارمان دەدا و پارچەپارچەمان دەكات. هەستێك هیچ شەرحێكی خۆی ناكات و بەسەرهاتێكی نییە بیگێڕێتەوە، واتە ئەو چیرۆكەی دروستی دەكات، خۆیشمان توانای گێڕانەوەیمان نییە”.
لەم كاتەدا دڵەڕاوكێیەكی مەزن وامان لێ دەكات ڕۆڵی قوربانی بە خۆمان ببەخشین و كەسانی تریش بكەینە جەللاد، ئەو كەسانە دایك و باوك، منداڵەكان یان ڕەنگە دەسەڵاتدارانیش بگرێتەوە. بە خۆمان دەڵێین نابێ كەسێك لە خۆیەوە دڵی خۆش بێت و لە خۆیشییەوە غەمگین بێت. بێگومان لەم غەمگینبوونەشدا كەسانی تر ڕۆڵیان هەیە.
بڕوام وایە بە ڕوانین بۆ دەروونی خۆمان ناچار دەبین ئەم وێنەیە ئاوەژوو بكەینەوە و ببینین كە ئێمە تا چ ئاستێك قوربانیین، بەڵام قوربانیی دەستی خۆمانین. دەبینین خۆمان دیوارەكانی زیندانی خۆمان دروست كردووە، بۆمان ئاشكرا دەبێت تا چ ڕادەیەك پشتمان كردووەتە ژیانی خۆمان. بە كورتی ڕووبەڕووی ئەو شتانە دەبینەوە كە تا ئێستە لە خۆماندا نەمانبینیوە و نایزانین.
دەبینین هەروا لەخۆڕا بارودۆخمان دەگۆڕێ، جیابوونەوەی هاوسەرگیری، شكستهێنان، نەخۆشیی كوشندە، ڕووداوی دڵتەزێن، هەر لە خۆیانەوە ڕوو نادەن. هێدی هێدی پەی بەوە دەبەین ئەو ڕووداوە دەروونییانەی كە كەشی ئێمەیان نوقمی ئاو كردووە، ئەو ڕووداوانەی زۆر جار لە ناهۆشمەندییەوە سەرچاوە دەگرن، هۆكارە دەرەكییەكان تەنیا لە ئاشكراكردنی ئەو ڕووداوانەدا ڕۆڵیان هەیە، واتە ئاشكراكردنی ئەو شتەی لە تاریكیی دەروونماندا خۆی حەشارداوە، ڕەنگە لەگەڵ دەركەوتنی ئەم جۆرە بارودۆخەدا تووشی شێوەیەك لە شپرزەیی بین، بەڵام دەكرێ ئەو ئاگاییەی لەم ئاشكرابوونەدا بەئەنجام دەگات، سوودی لێ ببینین، وەك یەكەمین قۆناغی هەوڵی چاككردنی گرفتەكان.

ڕێگەدان بۆ چەند ساتێ

بۆ ئەوەی لەم هەلومەرجەی ناخ بگەین، پێشنیاری تاقیكردنەوەیەكی بچووك دەكەم، ئەم تاقیكرنەوەیە چەند چركەیەك دەخایەنێ، داواتان لێ دەكەم ئاگاتان لە خۆتان بێ و لە قۆناغی یەكەمدا بەبێ هیچ مەبەست و ئامانجێك، بۆ یەك چركە هەست بە بوونی ناخی خۆتان بكەن: بۆ نموونە هەستكردن بە لێدانی دڵت، هەناسەدان و هەناسەوەرگرتن، بیركردنەوەتان، هەستكردن بە ناخی خۆتان وەك هەستكردن بە ڕاحەتی و ناڕەحەتی، هەموو شتەكان قبوڵ بكە و هەست بكە، بێ ئەوەی بتەوێ هیچ شتێك بگۆڕیت.

تەنیا هەست بكە. هەست بە ئامادەبوونی خۆت، چەند حەزت لێیە درێژە بەم بارە بدەم. ئەگەر هەستت كرد لە ڕێگەی شتێكەوە گۆڕانت بەسەردا دێ، واز لە ئەزموونی هەستكردن بهێنە، دووبارە بگەڕێوە سەر خوێندنەوەی ئەم كتێبە.
ئەم تاقیكردنە بچووكە، لەم ساتە بەدواوە دەمانخاتە نێو دڵی ڕووداوەكانەوە. بە مەبەستی لەخۆنزیكبوونە، بڕۆ بەرەو ناخی خۆت، ئەمەش هەمان ئەو شتەیە من دەمەوێ لێكۆڵینەوەی له‌باره‌وه‌ بكەم.
لەم بەرنامەیەدا بڕیار ئەوە نییە لێكۆڵینەوە ده‌رباره‌ی ئاسایشی كەسایەتیمان بكەین، یان بۆ داواكردنی ئاسایش و سەربەخۆییەك كە دوورمانخاتەوە لە لێدانە دڵتەزێنەكان ڕاپەڕین و هەستینە سەرپێ، بۆ نموونە ئێمە كاری زۆر دەكەین بۆ ئەوەی بارودۆخمان باشتر بێت، حەز دەكەین ببینە خاوەنی ئۆتۆمبێلێكی خۆشڕەو، خانوویەكی باش، بەڵام لەولاشەوە بۆ چاككردنی ماڵ و بەخێوكردنی منداڵ و شتەكانی تر پێویستمان بە یارمەتیی كەسانی تر دەبێت، واتە ئەو گەڕان و پێویستییانەی ئازادیمان سنووردار دەكەن. پاش چەند ساڵێك، ئەركی ئێمە تا ڕادەیەك دەبێتە بەجێگەیاندنی ئەو خزمەتگوزارییانە، زۆر كار هەن دەبنە كاری ناچاری و ئەو كاتە دەستنیشانكردنی ئەوە ئاسان نابێ كە كام لەو كارانەت پێ باشترە.
خێرابوونی ئاوازی چالاكییەكانی ژیان هەندێ جار تووشی هەناسەبڕكێمان دەكەن، دەبێ پەیوەندیی هاوڕێیەتی زۆرمان هەبێت، بەرنامەی هەمەچەشن جێبەجێ بكەین. بۆ ئەوەی لە ژیانمان تەسكینییەك هەبێ، پەنا دەبەینە بەر جگەركێشان، خواردنەوە و شوكۆلاتا، تەلەڤزیۆن و ماددە هۆشبەرەكان. ئاشكرا ئاگامان لێیە ئێمە لەنێو گرفتێك دەژیین و دەبێت ڕۆژێ لە ڕۆژان چارەسەرێكی بۆ بدۆزێنەوە، بەڵام وا پێدەچێ شتەكان هەر هەمووی لە بەردەست نەبن و كەوتووینەتە نێو لێشاوێكەوە، دەرچوونمان زەحمەتە.
لەم كاتەدا، زەمینە خۆش بووە تا بە تەواوی خۆمان بە “قوربانی” لەقەڵەم بدەین، چونكە هەرچییەك لە دەستمان هاتووە، كردوومانە، بەڵام هیچ سوودی نەبووە، هەمیشە تایەكی تەرازووەكە لەنگە.
كەواتە بۆچی ماوەیەك تەرخان نەكەین بۆ پەیوەندی پەیداكردن لەگەڵ خودی خۆماندا، بێ هیچ ئامانج و چاوەڕوانییەك، یان ئارەزوویەك بۆ گۆڕان؟ بڕواننە ئەم ئامێرە، ئایا ئەم ئامێرە پێكەنیناوی نییە كە خۆمان بۆ لەناوبردنی خۆشبەختیمان دامانناوە؟ لە ڕاستیدا گاڵتەئامێز نییە، بەڵام مەترسن. ئەگەر بەڕاستی ئەو ئامێرەت بۆ لەناوبردنی خۆشبەختیی خۆت داناوە، هەر خۆیشتان دەتوانن لەدەستی ڕزگار بن.
وەرە بە چاوكراوەیی یان بە چاوبەستراوی چەند چركەیەك ئازادی ببەخشە به‌ خۆت، وەرە چەند ساتێ سەربەخۆییت دەستكەوێ و چێژ ببینە. ئەم ساتانە بەلاشن، هیچیان تێناچێ. چێژی ئەو ساتانە فرە خۆشە، چەند ساتێكی زۆر كورتن، زۆر كورت بۆ گەڕانەوە بۆ ناخی خۆت، لە هەر شوێنێك و لە هەر ڕێگەیەك ڕێی تێدەچێ، ساتێكی كورتە، لەو ساتانەدا هەست بەو هەناسانە دەكەی كە دەچنە كوونەلووتەكانتەوە، ساتگەلێكن ڕزگارتان بووە لەو بارودۆخەی خەریكە گیان و ڕۆحتان بەهەدەر دەبا.
هەر ئێستە ئیتر هەست بە ئامادەیی خۆت دەكەیت. كاتێ ئەو ساتانە بوونە ساتی بێكۆتایی، ئەوا دەستت دەگاتە ئەو شتەی هۆشمەندان پێی دەڵێن ئازادی، گەڕاویتەتەوە بۆ ئازادیی سەردەمی منداڵی، بەڵام ئازادییەك بە ئاگاییەوە.
بەم جۆرە، لەم ساتەدا تۆ ئازادی بۆ چێژوەرگرتن، چێژبینین لەوەی هەتە و نیتە، بێ ئەوەی لە سەرتاپای ئەو شتانەدا ببیتە كۆیلەی هیچ شتێك، ئێستە تۆ چیتر موڵكی شتەكان نییت، شتەكان موڵكی تۆن، چیتر سوود لە خزمەتگوزارییەكان وەرناگریت، خزمەتگوزارییەكان سوود لە تۆ وەردەگرن، پەیوەندی دانامەزرێنی، پەیوەندییەكان تۆ بۆ لای خۆیان ڕادەكێشن، تۆ خاوەنی بیر و هەست و سۆزەكان نییت، بیر و هەست و سۆزەكان موڵكی تۆن و زەینتیان تووشی ئاژاوە كردووە، تۆ قوربانی و دوژمنی خۆتی.
بۆ چەند چركەیەك ڕاوەستان بەسە، تا بتوانین سەرچۆپیی ئەم هەڵپەركێ بەكۆمەڵە بگرینە دەست، ئەو شاییەی هەموومان بێ ئارەزوو تێیدا دەستمان گرتووە و هەڵدەپەڕین، لە ڕاستیدا ئەم چەند چركەیە ڕێگەی ئاگایمان بۆ خۆش دەكات، ئەو ڕێگەیەی بەرەو ئەوەمان دەبات سەربەخۆ بین لە چێژوەرگرتنی ڕاستەقینە لە ژیان. سەربەخۆیی ڕاستەقینە ئەو سەربەخۆییە كە تەنیا لە دەروونەوە بەرپادەبێت.
بڕوام وایە بەدیهاتنی سەربەخۆبوونی ڕەها مەحاڵ نییە. هەروەك وتم، ئێمە بوونەوەرێكین پەیوەندییەكی پتەو پێكەوەی گرێداوین و سەرقاڵی خۆمانین، بەڵام لە ناخی ئەو هاوپەیمانییەی لەگەڵ یەكتردا هەمانە، دەتوانین جۆرە سەربەخۆییەك بدۆزینەوە. ئەم سەربەخۆییە دەروونییە، لە دیلبوونی ئەو شتانەی بەسەرماندا دێت و هەستی پێ دەكەین، دەمانپارێزێ. ئەم كەشوهەوای ئازادییەی ناخ وامان لێ دەكات ئەو ئارامی و خۆشییەی هەمیشە لە دەرەوە بەدوویدا وێڵین، لە دەروونی خۆماندا بیاندۆزینەوە. ئەم وردە سەربەخۆییە مۆڵەتی ئەوەمان دەداتێ، بە شێوەیەكی ڕێژەیی بڕوانییە ڕووداوەكان، دیلی دەستی حەزە نابەجێكان نەبین.

خۆدانەدەست ڕووداوەكان

ئایا تێبینیی ئەوەت كرد یەكەمین سەرەتاكانی ئەو ڕاهێنانە بچووكەی كە پێشنیارم كرد چەندە سادە بوو، هەر بە ئاسانی لە نیگەرانییەكانی ڕۆژانە ڕزگارت بوو؟ ڕەنگە هەستت بە ئارامی و جۆرێك لە ئازادیی دەروونیی قووڵ كردبێت، هەر كە ویستت لەسەر ئەو ڕاهێنانە بەردەوام بیت، كارەكە سەختتر بوو. بۆچوونی هەمەچەشنت بە بیردا هات. بیری زۆر سادە و بیری زۆر ئاڵۆز و ناوازە.

ئەم ناتەواوییە هۆكارەكانی زۆرن، یەكەم: ئەو ئاشتی و ئارامییەی لە دەرەوە بۆی دەگەڕێین وا لە ناخی خۆماندایە، یان وا باشترە بڵێین پێشتر لە ناخماندا بووە، ئەم ئاشتی و ئارامییە جێگه‌ی لەدایكبوون و زەویی وادەدراوە، زەویی لەدایكبوونمانە لەبەر ئەوەی لەوێوە سەرمانهەڵداوە، هەریەك لە ئاكارەكانمان یادگاری ئەون و بۆ ئەو دەگەڕێنەوە، بەسە كە بڕوانینە شادمانیی منداڵان تا قبوڵمان بێ، ئەم زەوییە، زەویی وادەدراوە، بەڵام بەداخەوە بیرمان چووە خاوەنی ئەو زەوییەین و لە دەرەوە بۆی دەگەڕێین، یان ڕووداوێك بۆ لای ئەو زەوییەمان دەگەڕێنێتەوە.
دووەم: ئەم ناتەواوییە فێرمان دەكات توانای ئەوەمان هەبێت ئەم ئاشتییە بەدەست بێنین، جا چ ژنی ماڵەوە بین، یان بەڕێوەبەرێكی پلەبەرز، لەبەر ئەوەی بەدەستهێنانی ئەو ئاشتییە پەیوەندیی بە پلەوپایەیەك نییە كە هەمانە و یان دەمانەوێ بەدەستی بێنێن.
لێرەوە سەرنجی ئێوە بۆ خاڵێكی تر ڕادەكێشم. بۆچی كاتێ دەمانەوێ چركەی جیابوونەوەمان لە خودی خۆمان درێژ بكەینەوە، شتێك دێت و ئەو دابڕانە تێك دەدات؟ ئەو هێزە چییە وا دەكات لە سەرچاوەی خۆمان دوورمان بخاتەوە؟ بۆ ئەوەندە بێدەسەڵاتین بەرامبەر بە حاڵەتی نزیكبوونەوە لە خۆمان؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە یەكسەر بەرەو ئەو گریمانەمان دەباتەوە كە هۆكاری نووسینی ئەم كتێبە بووە. لە خۆم دەپرسم، ئایا ئەو هێزەی لە سەرچاوەی خۆمان دووری خستووینەتەوە، هەر ئەو هێزە خودی ناسنامەمان نییە؟ لە خۆم دەپرسم، ئایا ناسنامەی تاكەكەس یان ئەوەی ناسنامەی كەسایەتیی پێ دەڵێین، تا ڕادەیەك لەسەر بناغەی كاردانەوەیەكی پاراستنانەی سەرچاوەگرتوو لە ترسەوە دانەمەزراوە؟ جارێكی تر لە خۆم دەپرسم، ئایا ئەم قەڵغانە كە وەك ناسنامە بەكاری دێنین، لەجیاتی ئەوەی بمانپارێزێ، دەستبەندمان ناكات؟ هێزە بوونیادییەكانی ژیانمان ناپچڕێنێت؟ بێبەشمان ناكات لە وزەی دەروونی، ئەو وزەیەی بۆ ژیان و دروستكردنی ژیان پێویستە؟
ناكۆكییەكە لێرەدایە ئەو كەسەی ناسنامەكەیمان دەستنیشان كرد و ناومان نا (من)، هەر ئەو كەسە خۆی ڕێگرە لە بەردەم بەئەنجامگەیشتی ئەو ڕاهێنانە، ئەمەش هەمان ئەو كەسەیە دوژمنایەتیمان دەكات، دەمانكاتە قوربانی، بەڵام وا دەزانین قوربانیی دەستی كەسانی ترین، دەترسین دوژمنایەتیمان لەگەڵدا بكەن، یان دوژمنایەتییان بكەین.
دەزانم ئەوەی دەیڵێم ئەوەندە زانراو نییە. ڕەنگە گریمانەكانم ببنە هۆی نیگەرانیی كەسانێك، لەبەر ئەوەی لە خۆیان دەپرسن، تەنیا شتێك كە هەمانە، ناسنامەمانە، ئەگەر ئەوەش ڕەت بكەینەوە، كەواتە چیمان بۆ دەمێنێتەوە؟ بۆیە داواتان لێ دەكەم لەگەڵمدا هاوڕا بن لەبارەی بۆچوونەكانمەوە و بوێریی ئەوەتان هەبێت بەرگرییە دەروونییەكانی خۆتان بشكێنن. لەبەر ئەوەی ئەو كەسەی ناسنامەی خۆمان پێ بەخشیووە، نەبووەتە هۆی خۆشكردنی دڵمان، بگرە هەندێ جاریش بووه‌تە هۆی ئەوەی تووشمان بكات بە هەرچی دەرد و خەم و بەڵا هەیە، بۆ نموونە بەهۆی ترسی لۆمەكردنی خەڵكی و تەنیاییمانەوە، دوور دەكەوینەوە لە كارێك كە دڵنیاین لەوەی كارێكی ڕاستە، یان ناڕاستە.
داواتان لێ دەكەم لەم كتێبەدا، تەواوی ئەزموونە تاڵەكانی كەسێك، بێننە پێش چاوی خۆتان كە دەرگای بە ڕووی خۆیدا داخستووە. پاشان سەرەڕای گرفتەكان، بڕوانن ئایا بەهۆی ئەم تاقیكردنەوە، چاونەترسیی ئەوەمان هەیە تا ببین بە “خۆمان”؟ ئایا لەم كاتەدا و لە ئایندەدا ژیانێكی جوانتر و دووربینییەكی تەندروستمان نابێت؟

پرۆژەی هاوبەشی ماڵی سوهرەوەردیی و ناوەندی غەزەلنووس
ئایین و ئەفسانەناسی
زنجیرەی کتێب (11)

⦁ چاپ: یەکەم
⦁ چاپخانه‌: تاران- پەنجەرە

ماڵپەڕی غەزەلنووس

 

Advertisements

ساڵانی هه‌ورینی ده‌روێشیان به‌ وه‌رگێڕانی عه‌زیز گه‌ردی

salani-hawrin-galingor

به‌سه‌رهاتی ڕۆژانی خه‌و و هوشیاری

 

نمایشێک له‌ ڕۆمانه‌که‌وه‌

لە ژێر چەکمەی شەودا

– کوکومە…کوکومە…کوکومە…

دەواندەوری مۆرەی لێوی دیواری حەوشەی دەرەوەی حوسێنییە پڕە لە کوندەبۆ. سەربان پڕە لە کەندەبۆ. ھەموو شوێنێ کوندەبۆیە.

– بیبی دەنگی دەلەرزێ.

– دەمتان نەکەنەوە. دەمتان توند بگرن. زوو بن.

– چ بووە، بیبی؟

بیبی ئاماژە بۆ لێوی بان دەکا.

– پوورە کوکومە پێیء قودوومیان شوومە. ئەگەر ددانتان بژمێرن، ئێوە دەمرن.

خۆی، لەپی دەستی لە سەر دەمی خۆی دادەنێء دەیشارێتەوە.

دونیا بەرەو تاریکی دەچێ. خەڵکی گەڕەک دەمیان دەگرن لە ترسی کوکومەکان. لە تاریکیدا، جگە لە ئاوازی شوومی کوکومەکان ھیچ دەنگی دی نایێ.

– دەمت بگرە، شەریف، بڕۆ ژوورەوە.

نەنە بە دەست دەمی حوسێن دەگری. پووکی خوارەوەی حوسێن ددانێکی وەکوو دەنکە برنجی لێ ھاتووە.

– ژماردنی تاکە ددانی تۆ ئاسانە، بچکۆڵەی بەدبەخت.

حوسێن لە حانی مەمک مژیندا، ددانە تاکەکەی لە گۆی مەمەکی نەنە رادەکا. گۆی مەمکی نەنە بریندار بووە. شیری تێدا زاوە وەک بەردی لێھاتووە.

بیبی بە بابا دەڵێ، (مەمکی زەھرا شیری تێ زاوە. دەبێ تەگبیرێکی بکەین. یان دەبێ ببیبەینە لای دختۆر بۆ ئەوەی دەری بکا.)

– چ بکەم، بیبی؟

– خۆت بیمژە بەلکو دەر ببێ.

بابا مەمکی نەنە دەمژێ. تف دەکاتەوە ناو کاسەیەک.

– ئاوھا نابێ. دەبێ چەند گوجیلە سەگێک پەیدا بکەم.

گوجیلە سەگ لە سەر مەمکی نەنە دادەنێین. نەنە بێزی دەبێتەوە.

– وای… وای… گازی لێدەدا. سینەی بە چڕنۆک کون کردم.

عەمۆ ئولفەت سەری خۆی دەخورێنێ.

– گوجیلە سەگەکە بکەن بە قۆنداغە تا چڕنۆک لە مەکی زەھرا نەدا.

گوجیلە سەگەکە دەکەنە قۆنداغە. دوای چەند رۆژێ، نەنە، مەمکی نەرم دەبێتەوەء مەترسی لە سەر نامێنێ.

نیوەڕۆیە. نەنە دەڵێ، (بەخوا ئەمڕۆ یەک بارە جلم شووشتووە. بخەون، خەوی مەرگتان بێ! لێگەڕێن منیش چاوم گەرم بکەم.)

ھێشتا قسەکەی تەواو نەکردووە، پرخە پرخی لێ ھەڵدەستێ. دەستی سوورء پیرۆنەی لە ژێر چارشێو ھاتۆتە دەرێ. حوسێن مەمکی دەمژێ. جارو بار ئاوڕ دەداتەوەو کە ئێمە دەبینێ، پێدەکەنێء دووبارە پەلاماری مەمکی نەنە دەداتەوە.

گەرمایە. دونیا تۆزء غوبارە. لەتیف لە ھەیوان، مێرووی زەردء مێرووی رەشی تێک بەرداوە. مێرووی زەرد کافرن. مێرووی رەش موسلمانن. ئێمە قەت ئازاری مێرووی رەش نادەین.

نەسیی کەچەڵ لە کۆسپەی دەرگای حەوشە سەر ھەڵدەکێشێ. خێرا خێرا چنگ لە سەری خۆی دەدا.

– منداڵینە، ماسییەکی سوورم بۆ لە حەوزی حوسێنییە دەگرن؟

لەتیف دەڵێ، (چ ئیشت بە ماسییە؟)

نەسی کەچەڵ فرمێسکی لە چاوی بە ریقنەی قەتیس دەمێنێ.

– دەیانەوێ قیڕ لە سەری فەتی بکەنەوە. ئەگەر ماسییەکی سووری بۆ ببەم، ژانەکەی لە بیر دەکا.

بە لەتیف دەڵێم، (با بڕۆین. بۆ خاتری فەتێء سەری.)

– لەتیف خڵمی ھەڵدەکێشێتەوە.

– راوەستە با ئەم دوو بەدکارە تێک بەر بدەم.

بە نەسیی دەڵێم، (پارچە نانێکمان دەوێ بۆ خافڵاندنی قازەکان. زوو بە. دایەنی پەروێز خەوتووە. لەتیف، تۆیش بڕۆ کاسەیەکی سفر بێنە.)

لە بن دەرگاوە، لە سەر زگ دەخشێین بۆ حوسێنییە. حەوشە چۆلە. خۆری تۆزلێنیشتوو چۆتە ناو حەوزو خەریکە خۆی دەشوا. قاز لە سەر حەوز سەریان لە ژێر باڵ ناوەو خەوتوون.

نانەکە لە نەسیی وەردەگرم. بە کووڕە کووڕ بۆ لای قازەکان دەچم. تەماشای دەوروبەر دەکەم. ژووری پوورە کانی چۆلە.

قازەکان لەگەڵ بیستنی خشپەی پێمان، سەریان لە بن باڵ دەردێنن. بەر لەوەی بقیڕێنن، نانەکەیان بۆ رادەگرم. دێنە پێش. ملیان بۆ سەر زەوی درێژ دەکەن.

– ھیس س س!

بە راگرتنی نانەکە رایاندەکێشم بۆ پشت زەینەبییە. نانەکەیان فڕێ دەدەمە بەرء بە پەلە دەگەڕێمەوە. حەوز لە سەری دەڕژێتەوە. تەلاری گەورەی تەکیە، لە پشت شووشەی گەورەی ئورسی، دیارە.

لەتیف بە رەنگی بزڕکاو لە پێ بڵقە دێتە خوارێ. رەنگی وەک پەلکە پیاز سپی بووە.

– کاکە…کاکە…بمانعەلی…برای پوورە کانی لە ژوورەوە دانیشتووەء خەریکە رۆژنامە دەخوێنێتەوە.

– وەی لە دوڕ درۆت نێم! ئەوە کێ پێی گوتی بچیتە سەلال؟

– نا…نا… درۆ ناکەم. بە چاوی خۆم دیم.

– خەیاڵ بووە کردووتە. بێدەنگ بە!

ھەر رادەکەم بۆ سەلال. لە پشت شووشەی تۆزاوی سەیری ژووری کپء چۆڵ دەکەم. رادەچڵەکێم. پیاوێک لە تاریکء روونی ژوورەوە، لە پشت پەنجەرە دانیشتووە. چاوی بڕیوەتە رۆژنامەیەک. لە ناکاو ھەست بە ئێمە دەکا. ئاوڕ دەداتەوە.

– ئۆی! کاک مورتەزای پیتچنە! ئەوە لێرە چ دەکا؟

خێرا لە بەر دەرگا دوور دەکەومەوە. منداڵەکانیش لەگەڵ خۆم رادەکێشمء دەیانبەم.

بە لەتیف دەڵێم، (کەس لەوێ نییە. خەیاڵە ھاتۆتە سەرت. وەرە بڕۆین.)

– خۆم دیم.

– ئەی بۆچی من نایبینم؟

– بەڵام من دیم.

– ئەدی کوا؟

لەتیف دووبارە چاو بە شیشەوە دەنێ.

– نازانم کوێوە چوو؟ ھەمان چاکەتی دڕا دڕای لە بەر بوو. دەستی لە سەر سکی دانابوو.

دوو ھەنگاو لەولاوە، لە پشت ئورسییەکانەوە، تەلاری گەورەی حوسێنییە دیارە. مینبەری گەورە لە ناوڕاستی حوسیێنییە پشتی داوەتە دیوار. فەرشەکانیان پێچاوەتەوە. زرێء کڵاوخوودەو شمشێریان بە دیوارەوە کردووە. ئیمامەکان لە ناو چوارچیوە دانیشتوونء بە ئارامی تەماشا دەکەن.

تان لە منداڵەکان دەدەم.

– بەسە تەماشاکردن. با بچینە سەر حەوز.

ماسی بچووک لە ناو ئاو دەردەپەڕنە دەرێء بەرز دەبنەوە. لە ھەوادا دەبریقێنەوەء دووبارە زەرگ بۆ ناو حەوز لێدەدەن. ئاوەکە دەلەرزێ. بنی ئاوەکە پڕە لە سیانء قوڕەرەشی ترسناک. لە ناکاو یاھووەکانی سەر زەینەبییە ھەڵدەفڕن. پوورە کوکومەکان، بە چاوی نوقاوو خەواڵوو، خۆیان لە ناو کونەکان شاردۆتەوەء وێژینگ دەدەن. لە دەنگی فڕینی کۆترەکان دەترسم. دادەنیشم تا دووبارە ھەموو شوێنێ ئارام دەبێتەوە. کڤرێکی رەش بە سەر لێوی باندا تێدەپەڕێ. دارمێوی حەوشە، کە پوورە کانی ھەموو جارێ گەلاکانی دەخوارد، لە ژێر گەرمادا پاڵ کەوتووە بە پەستی خۆی بە سەر داربەست داداوە. لەتیف خەریکە گەلای مێوە دەخوا. گوپی لەتیف دەگرم پاڵی دەدەم.

– ئێستا کاتی گەلاخواردنە؟ یان ماسی گرتن؟

دەمی لە بەر ئێش بەش دەبێتەوە. دەمی پڕە لە گەلای نیوەجووراو. زمانی کەسک بووە.

– ئا…خ…ئا…

– ئێستا کاتی کارە، نەک ورگ.

لێو ھەڵدەقورتێنێ.

– ئاخر. زۆر بەتامە.

چەند ماسییەک دێنە پێشۆرک. بە دوو سێ پارچە کەرپووچ، پێشۆرک قەپات دەکەم. نەسیء لەتیف لە دەوروبەری حەوزەوە ماسییەکان بۆ لای من داژۆن.

جامێکی سفرم لە بەر دەستە. دوو ماسی سوور سەریان توند لە کەرپووچەکان دەدەنء دەخزێنە ناو قوڕو لیتەی بنەوە. دەست درێژ دەکەم. لە پڕ چنگ لە قوڕء لیتە دەدەم. یەکێ لە ماسییەکان لە ناو دەستم دەخزێ. دەردەپەڕێء لە لێوی پێشۆرکەوە خۆی فڕێ دەداتەوە ناو حەوز. ماسی دووەم بە لایەکی تردا رادەکا. بە وڕووژاوی دەڵێم، (دووبارە بکەنەوە.)

سەرقۆڵی تەڕم ھەڵدەکەم. قەڵشتی دەستم چڵ دەداو دەزوورێتەوە. دوو ماسی دی دێنە پێشۆرک. یەکێکیان دەخزێتە ناو قەوزەکان. پەنجەکانی ھەردوو دەستم لە ئاو تێک ھەڵدەکێشمء خێرا دەیکێشمەوە بۆ لای خۆم. ماسییەک قامچی دەوەشێنێء بەردەبێتەوە سەر زەوی. پێم بە جامەکە دەکەوێ. جامی سفر وەک زەنگی قوتابخانە دەزرنگێتەوە.

لەتیف یەکسەر جامەکە ھەڵدەگرێتەوەو پڕ ئاوی دەکا. ماسییەکە دەخەمە ناو جامەکە. نەسی رەنگی وەکوو زەرچووەی لێدێء دەلەرزێ. قازەکان، ھێشتا لە پشت دەرگای زەینەبییەن، لەگەل بیستنی زرنگانەوەی جامەکە. دەقیڕێنن.

یەکسەر خۆمان لە داڵانی تاریکی حەوشەی ناوەوە دەشارینەوە. دایەنی پەروێز ھاوار دەکا.

– کێیە؟ ئەوە چییە؟ ھەی سەگبابینە، ئەوە چ دەکەن؟

دەنگی پێی لە پلیکانەوە دێ. دەگاتە سەر حەوز. داردەستێکی گەورەی بە دەستەوەیە. تەماشای زەوی دەکا، دەبینێ تەڕ بووە. بۆ لای رارەوەکە دێ. ئێمە ھێدی دەکشێینەوە دواوە.

ماسییەکە جێگای تەسکەو لە ناو جام چەماوەتەوەو جوولەی لێوە نایێ. نەسی ھەراسانە. ھێنکە ھێنکی پێ کەوتووە.

لەتیف دەڵێ، (تۆبە! تۆبە خوایە گیان! نەجاتمان بدە.)

نەسی بە ترسەوە پستە پست دەکا.

– دیتت چ غەڵەتێکم کرد؟ ئاخر بڵێ ماسیم بۆ چ بوو، ھا…؟

ھەناسەمان لە سینگ رادەگرین. دایەن بە پارێزەوە دێتە حەوشەی ناوەوە. قازەکانیش بە ھسە ھس بە دوویدا دێن. سەرنجێک لەو ناوە دەدا. دەگەڕێتەو لای دەرگای ئاودەستء ھاوار دەکا.

– کێ خۆی لەوێ شاردۆتەوە؟ وەرە دەرەوە. یاللا. ھەی دزی حەرامزادە. رەچەڵەکی ماسییەکانت بڕاندەوە. بەس نییە؟

نەسی ھاوار دەکا، (با بچینە دەرەوە. با راکەین.)

دڵی دەدەمەوە.

– کورە، ئێمەی نەدیوە. بە درۆ ھاتء ھاوار دەکا.

نەسی دەڵێ.

– نا. با زوو راکەین. ئەگەر نا…

تووڕە دەبم.

– بێدەنگ بە! وس بە!

دایەن داردەستەکەی لە ھەوادا بادەدا. رەنگە بترسێ نزیک بکەوێتەوە. دەیەوێ بگەڕێتەوەء بچێتە دوای کاری خۆی، لە پڕ نەسی دەزیڕێنێء رادەکاتە دەرەوە.

– غەڵەتم کرد! غەڵەتم کرد..!

دایەن دەکەوێتە دوایەوەء دارێکی لە پشت دەدا. لەتیف دەڵێ، (ھەی داد بێداد! چ بکەم!. لێگەڕێ منیش بچمە دەرەوە. تووشت کردین.)

بە توندی تەماشای دەکەمء بە تووڕەیی دەڵێم، (بێدەنگ بە! ئەگەر لەشت بۆ لێدان دەخورێ، تۆیش بڕۆ. بۆچی من ئێوەم تووش کردووە؟ نەسی خۆی نەھاتە بەر دەرگای حەوشەو داوای ماسی کرد.)

لەتیف بە گلەیی دەڵێ، (ئاخر تۆ نەتگوت لەوانەیە بگیرێین.)

– بەڵێ. راستە، دەبوایە وا بڵێم.

لەتیف بێدەنگ دەبێ. دایەن بە بۆڵە بۆڵ دەچێتەوە ژووری خۆی. نەنە لە حەوشەی دەرەوە بانگ دەکا:

– ئاھای… منداڵینە، ئەوە لە کوێن؟ ھۆ لەتیف، حەزرەتی ئەبولفەزل لە عەردی غارات بباتە خوارێ، لە کوێی؟

ھێدی لە حەوشەی ناوەوە، پێ داوێینە حەوشەی حوسێنییەء لەوێوە دەچینەوە حەوشەی خۆمان.

رۆژئاوایە. پوورە کوکومەکان کەوتوونەتە جۆشء خرۆش. بیبی، کە دەیانبینێ، ترسی لێ دەنیشێ.

– ئەی رۆ. ئەی وای!! کاریان تەنیا ژماردنی دگانی بەندەکانی خوایە. زوو بن دەمتان بگرن.

لەگەڵ سبەینەی سالحان دەچمە خەڵووزدان. بیبی لە سەر حەوز خەریکی دەستنوێژ شووشتنە. دوێ شەو، جامەکەم بە ماسییەوە لە ناو خەڵووزدان دانا. رەنگە ئەمڕۆ نەسی بۆ بردنی ماسییەکە بێ. کە چاوم لە تاریکی رادێ، جامەکە دەبینم. ماسییەکە لە ناو جامەکەدا نەماوە. دڵم دادەخورپێ. پوولەکەی سوورو بریقەدار بە دەوری جامەکەدا بڵاو بۆتەوە. دڵم دەگوشرێ. لە خەڵووزدان دێمە دەرەوە. قوتووی شیرینی ھەڵدەگرمء دەچمە کۆڵانێ. قوتووەکە لە تەک سەکۆ دادەنێم.

– ھای کەکاو…ئەتلەسی…ترشء شیرین…بنێشت.

نەسی کەچەڵ لە ماڵەوە دێتە دەری. کە من دەبینێ، سەری دادەنەوێنێء دوور دەکەوێتەوە.

ھەمیشە لە بیری کاک مورتەزادام. شەو، خەوم لێناکەوێ. نیوەشەو، ھێدی لە ناو جێ دێمە دەرەوە. ھەموو شوێنێ کپء تاریکە. ھێدی بەرەو تریانی نان دەخشێم. سەر نان لەسەر تریان ھەڵدەگرم. تریان دەنگی لێوە دێ. نەنە لە جێی خۆی کەلەکە دەگۆڕێ.

– پششە! پشیلەی دەڵەدز. ئەو پارچە نانەیش تۆ بیبە.

ھەر زوو دووبارە پرخە پرخی بەرز دەبێتەوە. پارچە نانێک لە سەر تریان ھەڵدەگرم. سەرنانی لە سەر دادەنێمەوەو لە ژوورەوە دێمە دەرێ. بە بن دەرگای حوسێنییەدا دەڕۆمء لە پشت ژووری پوورە کانی دەوەستم. بە ھێدی لە دەرگا دەدەم. یەکسەر، یەکێ دەرگا دەکاتەوە.

– چت دەوێ؟

– من شەریفم، کاک مورتەزا، نانم بۆ ھاوردووی.

– دەستت نەڕزێ، شەریف. بۆچی ئەو زەحمەتەت دایە بەر خۆت. من دەتوانم ماوەیەکی زۆر لێرە بژیم. شەو، ئاوی حەوز دەخۆمەوەو سکم بە گەلای درەخت تێر دەکەم.

– تا تۆ لێرە بی، ھەموو شەو نانت بۆ دێنم.

کاک مورتەزا لەبەر دەرگا دادەنیشێ. لێی دەپرسم.

– چۆن ئێرەت دۆزییەوە؟

– پەیوەندیم لەگەڵ بمانعەلی ھەبوو. جاروبار لێرە سەرم لێدەدا.

– بمانعەلی چۆن ھاتە پارتی ئێوە؟

– پێش چەند ساڵێ دەمناسی. خانەکان، لە کاتی راودا، باوکیان کوشتبوو.

– بۆچی باوکیان کوشت؟

– چونکە نیشانەشکێنێکی مەعلان بە توانا بوو. لە ناکۆکی نێوان لادێیی خانەکاندا، لای لادێییەکان بوو. ئەوەندە بەس بوو بۆ ئەوەی لە ناوی ببەن.

کاک مورتەزا ئاخ ھەڵدەکێشێء دەڵێ، (شەریف، راسپاردەیەکم ھەیە دەمەوێ بە نەیر ساداتی بگەیەنی).

– بە چاوان کاک مورتەزا. ھەر ئیشێکت ھەبێ بۆت دەکەم.

– بڕۆ ماڵی عەمۆ بەقاڵ بە نەیر سادات بڵێ من بۆ ماوەیەک نابێ بە رۆژ بێمە دەرێ. ئەگەر دەیەوێ با بچێتەوە ماڵە باوانی تا بزانین ئەنجام بە چ دەگا.

– بە سەر چاو، کاک مورتەزا.

دەست بە سەرم دادێنێ. منیش دەستی ماچ دەکەم.

– لێرە خاترجەم بە، کاک مورتەزا. تا محەڕڕەمی دادێ کەس سەر بێرەدا ناکا.

– شەریف!

– بەڵێ، کاک مورتەزا.

– ئەگەر دەتوانی شەوان دەرگای گەورە کلیل مەدە، نەوەک بمەوێ…

– سەر چاو، ھەڵبەت وا دەکەم.

خوا حافیزی لێ دەکەم لە پشیلە سووکتر دەخزێمە ژوورەوە.

بە زۆر پارەی کتێبی قوتابخانەم دابین کردووە.

– ئەم ساڵ، کتێب گرانە.

نەنە دەپرسێ، (بای چەند دەکا؟)

– بیست تمەن.

– ھەی دادو بێداد. بۆچی ئەوەندە گرانە؟

– خۆ کتێبێکء دوو کتێب نییە! کتێبەکان زۆرن!

بیبی بە سەرسامی دەست بە سەرمدا دێنێ.

– ماشەللا! چاوی حەسوودت بڕژێتە بن پێ! چاوی حەسوودت بڕژێتە بن پێ!

بە نەنە دەڵێم، (دەتوانین کتێبی نیوداشت بە نیوە نرخ لە داڵانی مزگەوت بکڕێن.)

– باشە، بەڵام ئەم ساڵ ناوت لە کوێ بنووسم.

– قوتابخانەی رازی نزیکە. بەڵام زیاتر منداڵە دەوڵەمەند دەچنە ئەوێ.

– خوا کەریمە. با بچین بەڵکو ناوت بنووسن.

– بە رێ دەکەوین. کزەبایەکی ساردی پایز لە کۆڵانێ دێء خۆی لە دەمء چاوم ھەڵدەسوێ. بای دێ…بای مھر… باکە بۆنی یادء بۆنی گیسیای لەگەڵدایە…با سۆزێکی چەند غەمگینی ھەیە! دیوارەکان لە دروشم شووراونەتەوە. پاساری لە کونی دیوارء لە بن سواندان کپ بووین.

شامی بە پشتی کۆم، بە ورتە ورت، لە سیلەی کۆڵانێ دەردەکەوێ.

 

 

ساڵانی هه‌ورین

عه‌لی ئه‌شره‌ف ده‌روێشیان

عەزیز گەردی کردوویە بە کوردی

چاپ: یەکەم

چاپخانه‌: تاران- پەنجەرە

 

ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس- بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌

زنجیره‌ی كتێب ١١٣

سه‌رچاوه‌ی ئه‌م وه‌رگێڕانه‌: على اشرف درويشيان، سال هاى ابرى، جلد اول دوم، نشر ضشمة، ضاث هفتم، تهران، 1387.

ماڵپەڕی غه‌زه‌لنووس

 

زەنــگەکانــی ڕۆمـــا جان دۆست

zangakani-roma

زەنگەکانی ڕۆما، بەشی دووەم و کۆتاییی ڕۆمانی “عەشیقی وەرگێڕ”

سەبارەت بە زەنگەکانی ڕۆما

جان دۆست

له‌ گشت شوێنێك و تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، هه‌میشه‌ ناسنامه‌ گرفتی مرۆڤه‌كان بووه‌، گه‌له‌ك مخابن، ده‌بێت مرۆڤ چه‌ندین ناسنامه‌ی هه‌بێت، تاكو شێوازی بیركردنه‌وه‌ی دیاری بكات و شێوازی ژیان و ژینگه‌ی تایبه‌تی ئه‌و بنه‌خشێنێت، وێڕای ئه‌و ژینگه‌یه‌ی چه‌ندێك بكۆشێت ناتوانێت له‌ ده‌ستی قوتار بێت. مرۆڤ دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندین قۆناغ له‌ ئاستی هۆشیاری ده‌بڕێت، ده‌خوازێت له‌ باری گرانی ناسنامه‌ی ئایینی، یاخۆ ڕه‌گه‌زی یاخود مه‌زهه‌بی… هتد ڕزگاری ببێت، ئه‌وا ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك له‌مپه‌ر ده‌بێته‌وه‌ ده‌یگه‌ڕێننه‌وه‌ و په‌لكێشی ئه‌و بنه‌چه‌ و ڕیشه‌یه‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ له‌ ده‌وروبه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ وه‌ری گرتوون و له‌ باوباپیرانییه‌وه‌ بۆی ماونه‌ته‌وه‌.

كه‌سی موسڵمان، خودان ناسنامه‌یه‌كه‌ جیای ده‌كاته‌وه‌ له‌ کرستیان و زه‌رده‌شتی و ئێزدی، ئه‌وانی تریش وێڕای ڕاده‌ی پابه‌ندبوونیان به‌ ئیسلامه‌وه‌ وه‌كو ناسنامه‌ی ئایینی و سرووتی خواپه‌رستی لێی ده‌ڕوانن. هه‌مان شتیش له‌گه‌ڵ کرستیان و بووزی و … هتد پێڕه‌و ده‌كرێت. له‌ جه‌نگه‌ ئایینییه‌كاندا سه‌ره‌ڕای ئاستی پێوه‌ندیی به‌و ناسنامه‌یه‌ی ده‌یكات به‌ دوژمن، ئه‌وی تری جیاواز ده‌كوژرێت، له‌ جه‌نگه‌ ئیتنییه‌كانیشدا ئه‌وی تری جیاواز ده‌كوژرێت وێڕای ڕاده‌ی پابه‌ندبوونی به‌ ئایدیۆلۆژیای ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌كه‌ی له‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی، ئا لێره‌دا مه‌ترسیی ئه‌و ناسنامانه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ئه‌مین مه‌علۆف ناوی ناون “ناسنامه‌ كوشنده‌كان.”

له‌ سه‌ره‌تای لاویمه‌وه‌ ئه‌م شتانه‌ مژووڵیان كردبووم و كارم له‌سه‌ر ده‌كردن، تاكو دركم به‌وه‌ كرد هه‌ر ناسنامه‌یه‌ك ببێته‌ هۆی دوژمنداریی نێوان خه‌ڵك، ناسنامه‌یه‌كی ئه‌پستمۆلۆژی نییه‌، به‌ڵكو هۆكارێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ و له‌سه‌رمانه‌ كار بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی بكه‌ین، تاكو ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندیی ئه‌پستمۆلۆژی و زه‌نگینیی ناسنامه‌ی هاوشان.

له‌ ڕۆمانه‌كانی پێشوومدا وه‌كو “مارتینی به‌خته‌وه‌ر” و “مژاباد”، بێ ئه‌وه‌ی تێیدا قووڵببمه‌وه‌ ئاماژه‌م به‌م بابه‌ته‌ داوه‌، لێ له‌م ڕۆمانه‌دا ویستوومه‌ بێژم؛ ناسنامه‌ی ڕاسته‌قینه‌ ئه‌وه‌ نییه،‌ له‌ باوباپیران و ده‌ورووبه‌ره‌ ئایینی و خێڵه‌كی و نه‌ته‌وه‌یییه‌كه‌مانه‌وه‌ بۆمان ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌یانه‌ كه‌ به ‌هۆشیاریمان بۆ ئه‌وی تر و قبووڵكردنی بنیاتی ده‌نێین، ناسنامه‌ی ڕاسته‌قینه‌ مرۆڤ له‌ میانه‌ی كاروانی ژیانییه‌وه‌ پێكی ده‌هێنێت، دوای ئه‌وه‌ی له‌ نێوان گوڵی باخچه‌كه‌ی خۆی و گوڵی باخچه‌ی ئه‌وانی تردا موتوربه‌ی ده‌كات، له‌ ئه‌نجامدا جۆرێكی نوێ به‌ ده‌ست ده‌هێنێت نه‌ له‌میان ده‌كات و نه‌یش له‌ویان، به‌ڵكو له ‌خۆی ده‌كات و سیفه‌تی گوڵه‌كانی پێشوو هه‌ڵده‌گرێت، بۆیه‌ جوان و پاراوتره‌. كاراكته‌ری “عه‌شیقی وه‌رگێڕ” كه‌ له‌ كتێبی یه‌كه‌مدا چه‌ند به‌شێك له‌گه‌ڵیدا ژیان، ئه‌و مرۆڤه‌یه‌ چون به ‌نێو كێڵگه‌ی میندا بێت و بچێت، ئاوا به‌ نێو ناسنامه‌كاندا دێ و ده‌چێت، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا ناسنامه‌ی تایبه‌تی خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌.

ئه‌م ڕۆمانه‌ی له ‌به‌رده‌ستتانه‌ به‌شی دووه‌م و كۆتاییی عه‌شیقی وه‌رگێڕه‌، تێیدا پاشماوه‌ی چیرۆكی عه‌شیق و هاوه‌ڵانی نه‌وجه‌وانی له‌ ڕۆما ده‌زانن.

سه‌رله‌نوێ سوپاسی وه‌رگێڕی هێژا سه‌باح ئیسماعیل ده‌كه‌م، كه‌ مكوڕ بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ گه‌شته‌ زانیاریخوازه‌كه‌یاندا هاوسه‌فه‌ری ئه‌و نه‌وجه‌وانانه‌ بێت. ئه‌و باشترین هاوڕێی ئه‌وان و من و بێگومان ئێوه‌ش ده‌بێت.

پێشەکیی وەرگێڕ

سەبارەت بەم ڕۆمانە

ئه‌م ڕۆمانه‌ كتێبی دووه‌م و ته‌واوكه‌ری ڕۆمانی “عه‌شیقی وه‌رگێڕ”ـه‌. له‌ به‌شی یه‌كه‌مدا ڕووداوه‌كان له‌ناو نیشتماندا ڕوو ده‌ده‌ن، له‌م به‌شه‌دا باس له‌ ده‌رچوونی عه‌شیق له‌ نیشتمان و ژیانی له‌ ڕۆما ده‌كات، ئیدی لێره‌وه‌ عه‌شیق له‌ به‌راییی ڕۆمانه‌كه‌وه‌ تا دوایییه‌كه‌ی به‌ ده‌ست كۆچی زۆره‌ملێ و دووریی له‌ نیشتمانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، دره‌ختێكی له ‌بێخه‌وه‌ هه‌ڵكێشراو بوو و له‌وێ شین نه‌بووه‌وه‌، لای ئه‌و نیشتمان زام و كۆچیش خوێ بوو، ئه‌و له‌ غوربه‌ت هێنده‌ی بیری نیشتمان ده‌كات، بیر له‌ نیشتمان ناكاته‌وه‌، بۆ ئه‌و نیشتمان بریتی نییه‌ له‌ خاكێكی بێهه‌ست و بێڕۆح، ئه‌وه‌ كه‌سه‌كان و یاده‌وه‌رییه‌كانن، نیشتمانی ئه‌ون، بۆیه‌ شتێك نییه‌ ناوی تاسه‌ بێت بۆ نیشتمان، به‌ڵكو ئه‌وه‌ تاسه‌یه‌ بۆ یاده‌وه‌رییه‌كان.

ئه‌و دوور له‌ ئیراده‌ی خۆی بۆ چوار ساڵ خوێندن ده‌ڕوات، كه‌چی به ‌ویستی خۆی پاش په‌نجاوچوار ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌موو شته‌كانی له‌ ده‌ستداوه‌، هه‌موان نامۆن به‌و، ته‌مه‌نی لاویی به‌وێ به‌خشی و پیرییه‌كه‌شی بۆ وڵات هێنایه‌وه‌، ئه‌و به‌ مه‌به‌ستی خوێندن بۆ فێربوونی زمانی لاتینی و ئیتاڵی ده‌ڕوات، كه‌چی له‌وێ كێشه‌ی ئایینی ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه‌، ئه‌و دوای ئه‌وه‌ی له‌ ژیانیدا هه‌ست به‌ بۆشایییه‌كی گه‌وره‌ ده‌كات و ئایینه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت، شتێك نابینێته‌وه‌ ناوی لێبورده‌ییی ئایینی بێت، هه‌ست ده‌كات ئایینه‌كان وه‌ڵام به‌ پرسیاره‌كانی ئه‌و ناده‌نه‌وه‌ و پرسیاره‌كانی بێ وه‌ڵام ده‌نێژرێن، كاتێكیش تووشی قه‌یرانی هزری ده‌بێت و خۆی ون ده‌كات، تاقه‌ په‌ناگه‌یه‌ك ده‌دۆزێته‌وه‌، ئه‌ویش په‌ناگه‌ی وه‌رگێڕانه‌.

                                                                       * * *

دوای گفتوگۆیه‌كی چڕ له‌گه‌ڵ جان دۆستدا له‌سه‌ر كتێبی یه‌كه‌م “عه‌شیقی وه‌رگێڕ”، به‌و پاساوه‌ی ئه‌وه‌ هونه‌ری ڕۆمانه‌ ڕووداوه‌كان به ‌ناته‌واوی بۆ خوێنه‌ر جێده‌هێڵێت، له‌سه‌ر پێداگریی من جان دۆست كتێبی دووه‌می نووسی، ئه‌وه ‌بوو به‌ ده‌ستنووسی ئه‌م به‌شه‌ی بۆ ناردم، دوای ئه‌وه‌ی خوێندمه‌وه‌ هه‌ندێ تێبینیم له‌سه‌ری هه‌بوو، جان به‌ دڵێكی فرا‌وانه‌وه‌ قبووڵی كردن، چاكی كردن و شتی تری خسته‌سه‌ر، كه‌ به‌وه‌ ڕۆمانه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندتر كرد، ئیدی منیش ده‌موده‌ست به‌ر له‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ به ‌عه‌ره‌بی چاپ بكرێت، وه‌رم گێڕا.

                                                                      * * *

ماوه‌ته‌وه‌ لێره‌دا پڕ به‌ دڵ، سوپاسی بێپایانی مامۆستا ئیبراهیم قادر و پارێزه‌ر لوقمان حوسێن بكه‌م، بۆ ماندووبوونیان له‌ پێداچوونه‌وه‌ی وه‌رگێڕانه‌ كوردییه‌كه‌، به ‌تێبینییه‌كانیان ڕۆمانه‌كه‌یان جوانتر و ده‌وڵه‌مه‌ندتر كرد، منه‌تباریانم.

نمایشێک لە ڕۆمانەکەوە

پیاو نرخی شته‌كان نازانێت تاكو خاوه‌نه‌كه‌یان له ‌ده‌ست ده‌دات، یان شته‌كان له ‌ده‌ست بدات، منیش گوێم به‌و ئاوێنه‌ بچووكه‌ نه‌ده‌دا، كه‌ دایكم خستبوویه‌ باوڵێك له‌ باوڵه‌كانه‌وه‌، ئه‌وده‌می هاتین بۆ ڕۆما له‌ كه‌شتییه‌كه‌دا بینیم، هیچ بایه‌خێكم پێ نه‌دا و دوای ئه‌وه‌ لێی گه‌ڕام، تاكو مه‌رگی دایكمم بیست و هه‌ستم كرد شتێك له‌ ژووره‌كه‌م بانگم ده‌كات، ئه‌و بانگكردنه‌ بوو به‌ره‌و دۆڵابه‌كه‌ی بردم، هاوارێك له‌و پارچه‌یه‌وه‌ هات توانی ساڵانێك بمگه‌ڕێنێته‌ دواوه‌.

دوای بیستنی هه‌واڵی مه‌رگی دایكم ئه‌و ئاوێنه‌یه‌ به‌هایه‌كی پتری لام په‌یدا كرد، ئه‌و ئاوێنه‌ بێگه‌رده‌ چوارگۆشه‌یه‌ له‌ قه‌دیفه‌یه‌كی ڕه‌ش پێچرابوو له‌ بنی باوڵه‌كه‌دا بوو، له‌وده‌مه‌وه‌ی پێم نابووه‌ سه‌ر زه‌ویی ڕۆما ده‌ستم به‌ری نه‌كه‌وتبوو، تاكو دایكم مرد، ئاوێنه‌كه‌ له‌ناو باوڵه‌كه‌وه‌ گازی ده‌كردم، به‌ تاسه‌ی دزانه‌وه‌ كردمه‌وه‌، ئاوێنه‌كه‌م ده‌رهێنا، چون یه‌كێك كۆرپه‌یه‌كی نووستووی قوماتكراوی هه‌ڵگرتبێت به‌ هێوری كردمه‌ ئامێزمه‌وه‌، دوای تاوێكی كه‌م قه‌دیفه‌ ڕه‌شه‌كه‌م لێ كرده‌وه‌، پاشان به ‌گه‌رمییه‌وه‌ لێم ڕوانی، بۆنێكی وا خۆشی لێهات بۆنی دایكمی بیرخستمه‌وه‌، هێنده‌ی نه‌مابوو ئاوێنه‌كه‌ له‌گه‌ڵمدا بێته‌ قسه‌، تاكو وام خه‌یاڵ كرد له‌وه‌وه‌ گوێم له‌ هه‌ناسه‌ بۆنخۆشه‌كانی دایكمه‌. یادگه‌ گه‌ڕاندمییه‌وه‌ بۆ ساڵانی منداڵیم، دایكمم هاته‌ به‌رچاو سه‌رله‌ به‌یانیی هه‌موو هه‌ینییانێك له‌ گه‌رماو ده‌رده‌چێت و ئه‌و ئاوێنه‌یه‌ له‌ ڕۆخی په‌نجه‌ره‌كه‌ی ڕوو له‌ قیبله‌ داده‌نێت و له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ ناره‌ناری ئاوازی گۆرانییه‌كی خۆشی ده‌هات، پێشوازیی له‌ ڕووناكیی ڕۆژه‌كه‌ ده‌كرد، قژه‌ درێژه‌ ته‌ڕه‌كه‌یی شانه‌ ده‌كرد، كه‌ بۆنی خه‌نه‌ی یه‌مه‌نی و سابونی حه‌له‌بیی لێ ده‌هات و كه‌زییه‌كانی له‌به‌ر گڕی هه‌تاوه‌كه‌ بریقه‌یان ده‌هات، دوای ئه‌وه‌ كلی ئه‌سفه‌هانی له‌ چاوانی ده‌دا، كه‌ له‌ وڵاتی عه‌جه‌مانه‌وه‌ بۆمان ده‌هات و وه‌ك تازه‌بووك ئارایشتی خۆی ده‌كرد.

دایكم ناوی ساره‌ بوو، به‌رله‌وه‌ی شوو به‌ باوكه‌ چه‌ركه‌سییه‌ موسوڵمانه‌كه‌م بكات، عه‌له‌وی مه‌زه‌ب بوو، لێ تاقه‌ جارێك گوێم له‌ باوكم نه‌بوو باس له‌ عه‌له‌وی بوونی ئه‌و بكات، به‌ هه‌مان شێوه‌ش نه‌مبیست ئه‌و له‌ قسه‌كانیدا ناوی باوكم وه‌ك چه‌ركه‌سییه‌كی موسوڵمان بهێنێت، ته‌نیا جارێكیان نه‌بێت، ئه‌وده‌می دایكم قه‌شه‌ پۆڵس عه‌بدولنوری هاوه‌ڵی باوكمی سه‌رزه‌نشت كرد و به‌ عیسا مه‌زه‌بی ناوبرد، له‌و كاته‌ی مشتومڕیان بوو باوكم زۆر تووڕه‌ بوو، هێنده‌ی نه‌برد هێمن بووه‌وه‌ و ئاگره‌كه‌ی هه‌ناوی كوژایه‌وه‌، پێكهاتنه‌وه‌ و ئێمه‌ش له ‌بیرمان كرد.

دایكم بۆی گێڕامه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی جارێكیان باوكمی له‌ بازاڕی ئه‌نتاكییه‌ بینیبوو، چووبووه‌ دڵییه‌وه‌ و خۆشی ویستبوو، دواتر وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌سوكاری قایل نه‌بوون و پشتیان تێ كرد، شووی پێ كرد و هاته‌ سه‌ر ئایینی باوكم.

زەنــگەکانــی ڕۆمـــا

جان دۆست

سه‌باح ئیسماعیل کردوویە بە کوردی

چاپ: یەکەم

چاپخانه‌: تاران- پەنجەرە

تیراژ: ١٠٠٠ دانه‌

نرخ: 5000 دینار

ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس- بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌

زنجیره‌ی كتێب ١٢١

ماڵپەری غه‌زه‌لنووس

ماڵە ئەندەلوسییەکەی واسینی ئەلئەعرەج

mala-andolesiaka-GALINGOR

رۆمانی ماڵە ئەندەلوسییەکەی واسینی ئەلئەعرەج بە کوردی

پێشەكیی نووسەر

سڵاو لە زمانی كوردی لە “ماڵە ئەندەلوسییەكە”دا

رۆمانێكت بكرێتە كوردی، مانای وایە كلیلی چوونەژوورەوەی ماڵێكی ترت لەدەستدایە و لەگەڵ میللەتێكدا دەژیيت بەرەنگاری ماشێنی قڕكردنی ڕەگەزی و ڕۆشنبیری و ئیتنیی بووەتەوە، كە بۆ بەرژەوەندیی پرۆژەیلی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی كورتهێن بەگەڕخراوە، گرەوە بناغەییەكانی نەبینیون و بە چاكی ئەو مەترسییانەی هەڕەشەی لێ دەكەن، نەخوێندووەتەوە. هەڵبەت بە درێژایی مێژوو شكستی خواردووە، چونكە تایبەتمەندییەكانی میللەتێك و مافەكانی لە بەرچاو نەگرتووە لەوەی ببێتە ئەوەی خۆی دەیخوازێت، نەك وەك ئەوەی ئەوان بۆی دەخوازن. بە سادە و ساكاری دەیەوێت ببێتە بەرپرس لە چارەنووس و مێژووی ئەو میللەتەدا. لەبەر هەندێ دەبێت ئەو ڕۆمانەی وەردەگێڕدرێتە سەر ئەم زمانە، هەڵگری ئەو بەها خەباتگێڕییە زیندووانەی میللەتان بێت، واتە مافی لە شوناسی كراوە و ناداخراودا، هەروەها مافی لە بەردەوامبوون لە بوونی مرۆییدا وەكو ڕەنگێك مافی لە بوون و ژیاندا هەبێت.

ئا لێرەوە بڕوام وایە ڕۆمانی “ماڵە ئەندەلوسییەكە”، كە ئەمڕۆ بە زمانی كوردی پێشكەشی خوێنەر دەكرێت، دوای ئەوەی بۆ چەند زمانێكی تری جیهانی وەرگێڕدرا، هەندێك لەم مافی بوونەی هەیە، ئەمەش لەمیانەی ئەو پرسیارە گەوهەرییانەی دەیانخاتە ڕوو، وای لێ دەكەن لە دەرگەیەكی فرەوانەوە خۆی بە ماڵی كورداندا بكات، چونكە لە ئەنجامدا تەنیا باسی ئەو سەرقاڵییە زیندووەی هەر میللەتێك دەكات، كە ناهێڵێت ڕۆشنبیری و تایبەتمەندییەكەی تێرۆر بكرێت.

گرفتی شوناس بووەتە كێشەی سەردەم، كە بەرەو خۆلەناودان ملدەنێت، چونكە شوناسەكانی بە پێوەری سیاسی و ئایدیۆلۆژی چێ كردوون و هیچ تایبەتمەندییەكی ئەو نەتەوانەی لە بەرچاو نەگرتووە، كە خۆی لە ڕایەڵەیەكی كۆمەڵایەتیدا بینییەوە پێكەوە، گرێدراو نەبوون، چونكە لە كۆتاییدا لە بەدیهێنانی هاووڵاتیبوونێك تا بڵێی گرانبەها و بۆ پاراستنی یەكێتیی هاوبەشە گەورەكەی ناوی نیشتمانە پێویست بوو، هاونیشتمانیبوونیش هەموو پێكهاتە ژیارییەكان بە زمان و ڕۆشنبیرییەوە دەگرێتە خۆ، كە بە قووڵی پێكهاتوون، بەڵام ڕۆمانی “ماڵە ئەندەلوسییەكە” ئاگەداری مەترسییەكی ترمان دەكاتەوە، ئەویش گۆڕینی ناسنامە بریندارەكانە بۆ سەر ناسنامەی برینداركەر، كە ئەویش لە دۆخی سووڕانەوەیەكی بێكۆتادایە.

واقعی سیاسیی سوریا و عێراق و لیبیا ئەوەمان بۆ دەردەخات، كە ئەو مەترسییانەی ڕۆمانەكە هەمبەر ناسنامە ورووژاندوونی، هێشتانەكینێ زیندوون و بە بەرچاومانەوەن و سەرلەنوێ خۆیان دروست دەكەنەوە، وەك ئەوەی مێژوو بەرەودوا بگەڕێتەوە، هەڵگری هەمان كەڵكەڵەن. لەپڕ ناسنامە لەبری ببێتە یەكێتیی هەمەڕەنگ، نەك تاكلایەن، دەبێتە ئامڕازی وێرانكردن.

چەندێك بگەڕێمەوە سەر ڕۆمانی “ماڵە ئەندەلوسییەكە” هەستێكی سەیر دامدەگرێت، هەستی ئەو كەسەی ڕووخانی پێش ڕوودانی لە نیشتمانی عەرەبیدا بینی، چون من بزانم ئەم وڵاتە پەلوپۆهاویشتووە پڕ لە خێرە دەبوو بەپێی ئەوە لە گەشەسەندن و وەرچەرخانی لە دواكەوتووییەوە بۆ پێشكەوتنی حەتمی نەتەوەیەك بوایا لە سەرووی هەموو نەتەوەكانەوە، چونكە خاوەنی بڕبڕەی مرۆڤایەتییە. لێ ئەوانی بڕیاری گەشەسەندن و ڕووخانیان بەدەستە، هەر ئەوانیشن بڕیاری كۆتایی دەدەن.

عەرەب لەمیانەی جەنگە بەردەوامەكانیاندا وێڕای دەسەڵاتی ڕۆم و نەتەوەكانی تری وەك وڵاتی هیند و سند و چین و ئەوانیتر، ژیاریان بونیاد نا. لێ لە سەردەمی نوێدا ئەم نەتەوەیە پەكیكەوت، یان پەكخرا، دوای ئەوەی ڕۆژئاوا، كە پێشكەوتنێكی تەكنەلۆژیی خێرا و بەرچاوی بەخۆوە بینی، بۆی دەركەوت نەك هەر لەسەر گۆلەنەوتێك دانیشتووە، تەمەنی بۆ چەندین سەدە دەگەڕێتەوە، بەڵكو ئەو بڕبڕەیەی كۆنترۆڵی ژیانی جیهان دەكات، بەدەستییەوەیەتی.

جەنگەكان تێكەڵەیەكن لە مێژوویەكی كۆن هێشتا حیساباتە خێڵەكی و ئیتنی و تایفییەكانی یەكلا نەكردووەتەوە. ئەمڕۆش بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە مێژوو گەڕانەوەی چەندپاتەیە و مرۆڤایەتی شكستی خواردووە لە هەنگاونان بەرەو جیهانێكی مرۆڤانەتر، چونكە مەحكوومە بە بەرژەوەندیی تەسك، هەڵبەت گشت ئیمپراتۆرییە ئاوابووەكان بەم قۆناغ و بۆچوونانەدا تێپەڕیون.

لەبەر ئەمە “ماڵە ئەندەلوسییەكە” هاواری بێئومێدییە، كەس گوێی لێ نەبوو. لە ئەنجامدا ماڵە ئەندەلوسییەكە تەنیا ئەم هاوارە مرۆییەیە، كە لە قووڵایی مرۆڤەكانەوە لە هەر كوێیەك بن، دەردەچێت، هەر لە وەختی دۆزینەوەی كۆمەڵگەی نوێ و ئەمریكاوە تاكو ئێستا.

ئەم خانووە شتێكی گەورەترە لە دار و بەرد، زمان و مێژوو و ناسنامەی بریندارە. كارەكە تەنیا پێوەندیی بە تاوەرێكی بەرز و بڵندەوە نییە لە شوێن خانووە ڕووخێنراوەكە، كە پێداویستییەكانی كۆمەڵگەی نوێ و ئەو توێژانە دابین دەكات، كە لە كۆمەڵگەی بەرخۆردا گەورە بوون، بەڵكو شتێكی گەورەترە لە هەموو ئەمانە. بێگومان دەسەڵات كە شارەوانی، یان فەرمانڕەوا نوێنەرایەتیی دەكەن، لە كۆتاییدا خانووەكە دەڕووخێنن و لەگەڵیدا دواپەڕەی دەپێچرێتەوە، كە موراد هەڵیگرتبوو. دوای ئەوە گشت شتەكان بەدەم باوە دەڕۆن. بە سووربوون و پێداگیرییەكی گەورەوە موراد باستا بەڵگەنامەیەكی كۆن دەپارێزێت، چونكە ئەوە بەڵگەیەتی لە ژیاندا، هەر ئەوەیە ڕەوتەكان و مێژووی ئەم خانووە و بەرهەڵستییەكانی لە گشت ڕۆژگارەكاندا دەپارێزێت بەر لەوەی بكوژانی نوێ بێن و بە یەكجاری بیسڕنەوە. سڕینەوەی ئاوەدانی و نەوە زیندووەكان. ئەمانە مێژوو و یادگە وایان لێ ناكات جیاواز بن لە تاڵیبان و داعش، كە بوونەتە ئامڕازێك بۆ سڕینەوەی شوناس و بوونەتە ماشێنێكی زەبەلاح دەستیان بە هەر خاكێكدا بگات، دەیكەن بە وێرانە.

بە لای كەمەوە وەكو من ویستم “ماڵە ئەندەلوسییەكە” بەم مانایەیە، نەك هەر بەڵگەنامەیەك بێت سەبارەت بە كۆچی مۆریسكییەكان و ماڵوێرانیی باپیرەگەورەمان لە جەزایر پێش پێنج سەدە، بەڵكو یادگەیەكی بەكۆمەڵە، گرینگیی بۆ كورد و ئەرمەن و عەرەب و ئەورووپی و ئەوانی تریش هەیە. ماشێنی زەبەلاحی سڕینەوە هیچ یادگەیەكی بەپێوە نەهێشتووە، لەدوای خۆیەوە تەپوتۆز و باڵەخانەیەكی بێڕۆح و ئاگر و سووتماكی جێ هێشتووە، كە بەهێز و بەتوندی بەر یادگە دەكەون.

ئا لێرەدا پرسیارێك دێتە كایەوە، ئەویش پرسیاری ئێستایە، نەك ڕابردوو، چۆن پێشبكەوین و خۆمان بە مۆدێرنێتەوە گڕێ بدەین بێ ئەوەی ڕەگەكانمان كوێرەوە بن و ژیانیان پێ ببەخشین؟ هاوارەكەی گالیلیۆ لە بۆشاییەوە نەهاتبوو، بەڵكو لە كۆتایی مێژوویەكەوە هاتبوو باوباپیران دروستیان كردبوو و وەك خۆی مابووەوە، لەبری ئەوەی پینەی بكەن و نۆژەنی بكەنەوە و جارێكی تر خوێندنەوەیەكی ڕەخنەگرانەی بۆ بكەن. هەر لەبەر ئەمەشە گالیلیۆ لە هەموو وڵاتگیرەكان (فاتح) تووڕە دەبێت و بەرپرسیارێتییەكی گەورەیان دەخاتە سەرشان ڕەتیدەكەنەوە لێی ڕابمێنن، چون شتێكی پیرۆز بێت “هەشت سەدە پتر، وەك ئەوەی هیچ نەبووبێت. هەموو شتەكان گەڕانەوە دۆخی یەكەمی خۆیان. وەكو خۆی چۆن بوو ئاوا، یاخود دەبوو وا بوایا. ئەی تاریقی كوڕی زیاد وەك ئەوەی نە هاوارت كردبێ و نە وڵاتیشت گرتبێت! ئەی مووسای بن نەسیر نە دەرتیان كردووە و نە دەسەڵاتیشت گرتەدەست،  ئەی عەبدولڕەحمانی داخل دەڵێی نە شمشێرت هەڵبڕیوە و نە چوویتەتە ژوورەوەیش!

ئەی عەبدولڕەحمانی ناسر نە مانۆرت كرد و نە دوایشكەوتی، تۆش ئەی مەنسوور بن عەمار نە كەست كوشتووەوە و نە كەسیشت دوورخستووەتەوە! تۆش ئەی محەمەد سەغیر هەر دەڵێی نە فرۆشتووتە و نە كڕیوتە، تاكو وەكو هەر خۆفرۆشێكی بچووك لە كونی دەرزییەوە دەرچیت! وەك ئەوەی ئێوە هەر نەبووبن. وەك ئەوەی من نەبووبم”.

هەموو ئەوەی “ماڵە ئەندەلوسییەكە” گوتی، ئامانج لەپشتییەوە ئێستای بەرەو وێرانبوونە، نەك تەنیا ڕابردوو. ئاشكراكردنی مێژووی ماڵە ئەندەلوسییەكە، ئاشكراكردنی هەموو ئەو داڕووخانانەیە، كە دەوری شار و وڵات و مرۆڤەكانیان داوە. ڕاستە ئەوی دەگێڕدرێتەوە یادگەی باپیرە گالیلیۆیە، لێ لە هەمان كاتدا ئامڕازێكە بۆ ڕووتكردنەوەی گەندەڵیی ئیداری و كڵۆڵیی ڕێژیمەكە و توندبوونی هەژموونی قاچاخچییان و باڕۆنەكانی بازاڕ و ئیمپراتۆرەكانی لم و خانووبەرە، هەروەها درێژبوونەوەی پێیە ئەختەبووتییەكانی كۆمپانیا نیشتمانی و بیانییە هاوبەشەكان و زۆربوونی فەندەمێنتالیست و گرووپە ئایینییە توندڕۆكان و ستەمكاریی سیاسییە، كە هەموویان دەرەنجامی مێژوویەكن، وەكو پێویست لێی حاڵی نەبووین و لە ئاستیدا كورتبین و تەسكبینین.

دووبارە هێنانەوەی ئابڕووچوونەكانی دادگە تاوانكارەكانی پشكنین، تەنیا ئاگاداركردنەوەیەكە بۆ عەرەب، ئەمجاریان لەناو خۆیانەوە هەڵدەقوڵێن و بە خێرایی لە گۆڕەپانی بەتاڵ لە هەر بزاڤێكی بەرهەڵستكاری، گەشە دەسەنێت. ئیدی هەموو ڕایەڵێكی كۆمەڵایەتی هەڵدەوەشێنێتەوە، كە بە درێژایی چەندین سەدە لە ڕێگەی چوونە ناویەكی ڕۆشنبیرییەوە دروستبوو، هەروەها ڕۆمانەكە وریاكردنەوەیەكە لە سەرهەڵدانی دەستپێكی دادگەكانی فیندەمینتاڵیستی ئیسلامی، كە بە ڕواڵەت ئایینی و لەژێریشەوە دواكەوتووییەكی بەربادی بینای ڕۆحی و تایبەتمەندییەكانییەتی لە كۆمەڵگەی عەرەبیدا. ڕۆمانەكە باش ده‌ركی بەوە كردووە ئاسۆكان هێندەی دادەخرێن، هێندەی ئەوەش دەكرێنەوە.

لە دواییدا ئەگەر بشێ خوێنەری كورد ئاگادار بكەمەوە، ئەوا دەڵێم: “ماڵە ئەندەلوسییەكە” تەنیا گوتارێكی سیاسی نییە، بۆچوونی فەندەمێنتاڵی بۆ شتەكان و تۆتالیتاریزم ڕەت بكاتەوە، بەڵكو لە هەمان كاتدا بونیادێكی ئیستاتیكیی هەیە، ڕۆمانەكە بەبێ ئەو بونیاد نانرێت. ڕیتمێكی زیندوو لە ساتەكانی شكۆمەندی و باڵابوون، هەروەها شكستیش. لەسەر مقاماتی ئەندەلوسی بونیادنراون، بۆیە ئەوی بونیادی ڕۆمانی “ماڵە ئەندەلوسییەكە” دەخوێنێتەوە، دەبێت لە لایەنی ئیستاتیكییەوە بالاد (موشح) بخوێنێتەوە و لێی تێبگات، چونكە لە بونیادیدا شتێك لە بونیادی “ماڵە ئەندەلوسییەكە”ی تێدایە. لە كۆتاییدا هیچ شتێكیش نییە لە بۆشاییەوە، یا لە هیچەوە بڕوێت.

واسینی ئەلئەعرەج

پاریس

 

نمایشێک لە ڕۆمانەکەوە

من ماسیكام. ئەگەر پێتان باشە: سیكای كچی سپنیۆلی، وەكو هاوەڵەكانم لە قوتابخانە ئەم ناوەیان لێ ناوم، ئەمەش نەك لەبەر ئەوەی دایكم ئیسپانییە، ئەویش وەك منە، گیای ئەم سەرزەوییە دەریاییەیە، بەڵكو لە سۆنگەی ئەوەی وەكو هەزاران دانیشتووی جەزایر ڕەچەڵەكمان مۆریسكییە.

هەرگیز لە ماڵە ئەندەلوسییەكە نەماومەتەوە، تەنانەت بۆ ڕۆژێكیش، هەروەها میراتگری ڕەوا و ناڕەواشی نیم. دوور نییە هەستی شاراوەی دایكم و هێزی ڕاكێشانی بنەچە دوورەكەی بەرەو ئەم خانووە بردمێتی، پاشان بۆ لای ئەم پیاوە چاكە، مامم موراد باستا، یان لەوانەیە… چونكە بەتواناترینیان بووم بۆ خوێندنەوەی ئەو كۆدە پەنهانانەی لە چاوانیدا یەكتریان دەكوشت، من لە هەموو كەس پتر لێیگەیشتم، بە ئازیزترین نەوەشییەوە.

چیرۆكەكە ئێجگار ئاڵۆزە، دەكۆشم شیتەڵی بكەمەوە، تاكو گونجاو و پەسند بێت.

خوێنەری ئازیز، ئەگەر تۆ هەر کتێبێکی جوانت خوێندووەتەوە و بە باشی دەزانیت بکرێت بە کوردی، تکایە دوودڵی مەکە لەوەی ناوەندی غەزەلنووس لەو بارەیەوە ئاگەدار بکەیتەوە.

 

 

مـاڵە ئـەنـدەلـوسـییـەكـە

واسینی ئەلئەعرەج

سەباح ئیسماعیل کردوویە بە کوردی

بابەت: ڕۆمان

چاپ: یەکەم

چاپخانه‌: تاران- پەنجەرە

له‌ زنجیره‌ بڵاوكراوه‌كانی ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس- بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌

زنجیره‌ی كتێب ١١٩

رۆمانی حەللاج

99

رۆمانی حەللاج

نووسینی: عەباس ئەرنائوت

وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی

حەللاج
سۆفییەکی عاشق و یاخی

ئازاد بەرزنجی

هەمیشە ئەو کەسانەی بە ئاقارێکی جیاواز لە ئاقاری باو بیریان کردۆتەوە و خەونەکانیان جیاواز بووە لە خەونی خەڵکێکی عەوام و ویستوویانە بە چەکوشی هزر و ڕۆح بتەکانی کۆمەڵگا و سیستمی دژە گۆڕانکاری و سەقامگیرخواز؛ تێکبشکێنن، ئامانجی ڕق و تۆڵەی خەڵکانێک بوون کە نەیانویستووە وەهمی ئاسوودەییان لێ بشێوێت و دەسەڵات و پێگەیان لێ تێکبدرێ. چونکە ئەوانە وەکو ئەو نوستووانە وەهان کە بە بێدارکردنەوە و بەئاگاهێنانەوە؛ ڕیتمی خەو و خەیاڵاتیان تێکدەچێت، هەربۆیە چەندیان پێ بکرێ؛ دژایەتیی ئەو کەسە ڕۆحبێدارانە دەکەن و بە هەموو شێوەیەک دەیانەوێ ئاسەواریان لە مێژوودا بسڕنەوە. لەکاتێکدا مێژووی ڕاستەقینە ئەو مێژووەیە کە ئەو ئینسانە یاخییانە دروستی دەکەن، نەک ئەوانەی شەپۆل و تەوژمی ڕۆژگار چۆن بوو، بە هەمان ئاڕاستە لەگەڵیدا دەڕۆن و هەڵبەتە ئاشکرایە کە زۆربەی کات چارەنووسی ئەو جۆرە کەسانەش، یان ناوزڕاندن و دوورخستنەوە، یان زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و، یاخود کوشتن و لەخاچدان بووە، هەروەکچۆن ئەمە چارەنووسی حوسەینی کوڕی مەنسووری حەللاجیش بوو. ئەو حەللاجەی مایەی گفتوگۆ و مقۆمقۆ بوو و، کاریگەریی نەک هەر لەسەر چواردەوری خۆی هەبوو، بەڵکو بگرە گەیشتە هیندستان و تورکیا و ئێران و تەنانەت لە سەدەکانی دواتردا گەیشتە ئەوروپاش، تا ئەو ڕادەیەی بیرمەندێکی گەورەی وەکو (لویس ماسینیۆن) بەشێکی زۆری ژیانی خۆی بۆ نووسین و توێژینەوە لەسەر ئەم کەسێتییە ناوازەیە تەرخان کرد و لەمڕووەشەوە؛ کتێبی “ئازارەکانی حەللاج”ی، بە یەکێک لە کتێبە گرنگ و سەرچاوە دەوڵەمەندەکان لە قەڵەم دەدرێ.

حەللاج کێ بوو؟
ئەبولموغیس حوسەینی کوڕی مەنسووری حەللاج لە ساڵی ٢٤٤ك بەرامبەر بە ٨٥٧ یان ٨٥٨ی زاینی لە دێی “توور”ی سەر بە شاری “بەیزا” لە هەرێمی فارسی باکووری شاری شیراز هاتۆتە دونیاوە. باپیرەی کابرایەکی زەردەشتی بووە، باوکیشی هەللاج (حەللاج) بووە. ئەو هێشتا لاوێکی مناڵ بووە کە خێزانەکەیان چوون بۆ “واسیت” لە عیراق. سەبارەت بەوەش کە بۆچی نازناوی “حەللاج”ی دراوەتە پاڵ، قسە و باسی جیاواز هەیە. لەوانە ئەوەی کە باوکی هەللاج بووە، هەروەها پێی وتراوە هەللاجی نهێنییەکان، لەبەرئەوەی پەردەی لە ڕووی نهێنییەکانی یەکتاپەرستان هەڵماڵیوە. هەروەها هۆکاری تریش هەن کە زیاتر خەیاڵ بە سەریدا زاڵە، وەک ئەوەی کە کاتێک لە واسیت بووە (جارێکیان داوا لە هەللاجێک دەکات، لە هەندێک کاردا یارمەتیی بدات، کابرا سەرەتا داواکەی ڕەتکردۆتەوە، بە بیانووی ئەوەی سەرقاڵی هەللاجییەکەی خۆیەتی، بەڵام کاتێ حوسەین بەڵێنی دەداتێ کە ئەگەر یارمەتیی بدات، ئەوا ئەمیش لە کاری هەللاجیدا یارمەتیی ئەو دەدات، ئیدی کاتێ کابرای هەللاج دێتەوە بۆ شوێنکارەکەی خۆی، سەیردەکات هەرچی لۆکە هەیە شی کراوەتەوە، هەر لەوەوە نازناوی حەللاج دەخەنە پاڵ حوسەینی کوڕی مەنسوور.)
حەللاج لە سەرەتای لاویدا دەچێت بۆ توستەر (شوشتەر) و لەوێ سۆفییەکی سوننی دەناسێت کە ناوی (سەهلی کوڕی عەبدوڵڵای توستەری)ییە و بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر دەستی ئەو، بنەماکانی تەسەووف دەخوێنێت. پاشان توستەر جێدێڵێت و ڕوو دەکاتە بەسرە و لەوێ بە (عەمروی کوڕی عوسمانی مەککی) ئاشنادەبێت و لەلای ئەو زانستەکانی تەسەووف و زوهد دەخوێنێت و وردەوردە دەناسرێ و ناو دەردەکات. لە بەسرە هاوسەرگیری دەکات و کچی (ئەبو یەعقوبی ئەقتەعی بەسری) دەهێنێت و ئەم هاوسەرگیرییەی دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندیی لەگەڵ عەمروی مەککیدا تێکبچێت، لەبەرئەوەی ئەبو یەعقوب ڕکابەری عەمرو دەبێت لە پێشەنگیدا بۆ تەسەووف لە بەسرە. ئینجا دەچێت بۆ بەغدا و لەوێ یەکێک لە سۆفییە گەورەکانی ئەو ڕۆژگارە دەناسێت کە (ئەبولقاسم جونەیدی کوڕی محمەمەدی بەغدادی)یە. جونەید ئامۆژگاریی دەکات کە پێویستە سەبری هەبێت و ددان بە خۆیدا بگرێت و هەر لەسەر دەستی ئەویش خیرقەی سۆفییان دەپۆشێت. حەللاجیش لەسەر قسەی جونەید بەغدا جێدێڵێت و دەگەڕێتەوە بۆ بەسرە. ئەو دەمە بەسرە هەر مەڵبەندێکی تەسەووف نەبوو، بەڵکو مەڵبەندی هەندێ بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیش بوو، لەوانە بزووتنەوەی زنجیەکان. ئاکامی ئەم بزووتنە کۆمەڵایەتییە ڕاپەڕینێک دەبێت، بەڵام (لە ساڵی ٢٧٠ی کۆچیدا، ڕاپەڕینی زنجیەکان دادەمرکێنرێتەوە و وەسی مۆفەق یاساوڕێسا دەگەڕێنێتەوە بۆ بەسرە و دیسانەوە پرۆسەی باجوەرگرتنی قورس دەستپێدەکاتەوە. حەللاج دەچێت بۆ مەککە، بەڵام وەک حەجێکی سەپێنراو نا، بەڵکو وەکو عەمرەیەک کە بە ئامۆژگاریی شافیعی، لە حەساری کەعبەدا دەیباتەسەر.)
خەڵکانی سەر بەو بزووتنەوەیە لە کۆیلە و چەوساوەکان پێکهاتبوون، تیایاندا بوو زنجی بوو لە ئەفریقاوە هاتبوون، کە ئەمانە زۆرینە بوون و هەر بۆیە بزووتنەوەکەش بەو ناوەوە ناونرابوو، هەروەها هیندیی پێست ڕەش و پاشانیش جووتیارانی دەڤەرەکە. دەرەبەگەکان ئەمانەیان دەچەوساندەوە و لە زەویوزارەکانی خۆیاندا کاریان پێ دەکردن و خوێی زەوییە شۆرەکانی خۆیانیان پێ پاك دەکردنەوە. بەڵام دڵڕەقی و نامرۆیی ئەو دەرەبەگانە بەڕادەیەک بوو کە تەنانەت جێخەویان بەو هەژارانە ڕەوا نەدەبینی و بۆ هەر ژەمێک چەند دەنکە خورمایەکیان دەدانێ. سەرکردەی ئەم بزووتنەوەیە (عەلیی کوڕی محەمەد) بوو.
هەر لەو ڕۆژگارەدا بزووتنەوەی قەرمتیەکانیش لەئارادا بوو کە بە بیروباوەڕ دەچوونەوە سەر ئیمامی ئیسماعیلی.
هەڵبەت شتێکی سەیر نییە کە حەللاجیش پەیوەندیی بەم دوو بزووتنەوەیەوە هەبووبێت. ئەو دوو بزووتنەوەیەش لێک نزیک بوون و هەردووکیانیش دژ بە دەوڵەتی عەباسی بوون. هەر لێرەشەوەیە کە دواتر دەوڵەتی عەباسی بە تۆمەتی (قەرمتی) حەللاج دەسگیر دەکەن و بە مەترسییەکی گەورەی دەزانن لەسەر دەسەڵاتیان. لەبەرئەوەی (ڕەفتاری حەللاج و میتۆدی فیکریی و ڕۆحی شۆڕشگێڕانەی و بانگەشەکردنی بۆ چاکسازیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، هەموو ئەمانەی لە ڕێبازی قەرمتیەکان و ڕۆحی شۆڕشگێڕانەیان و کەفوکوڵیان بۆ گۆڕینی سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەچوو، ئەمە جگە لە پەیوەندیی توندوتۆڵی نێوان هزری حەللاج و بیروباوەڕی فاتیمی ئیسماعیلی و باوەڕی بەوەی کە دەبێ پەنا ببرێتە بەر لێکدانەوە و مانای ناوەوەیی “باتینی یان ناخی” لە پەنا مانای ڕواڵەتیدا) گەرچی لویس ماسینیۆن لە کتێبی “ئازارەکانی حەللاج”دا قەرمتیبوونی حەللاج ناسەلمێنێت، چونکە لە یەکەم دادگاییکردنی حەللاجدا لە ساڵی ٣٠١ی کۆچیدا، ئیبن سورەیج کە شارەزابووە لە کاروباری قەرمتیەکاندا، لەو تۆمەتە بێبەریی دەکات. هەروەها پشتبەستنی حەللاج لە هەندێ لە نووسینەکانیدا بە تەفسیری ئیمام جەعفەری سادق، وەکو ماسینیۆن دەڵێت، نیشانەی شیعەبوونی حەللاج نییە. هەروەها بە ڕای ماسینیۆن، ئەو زاراوە قەرمتیانەی حەللاج بە کاری بردوون، بە مانای جیاواز لە مانا قەرمتییەکان مامەڵەی لەگەڵ کردوون و ڕەهەندێکی سۆفییانەی پێ بەخشیون.
حەللاج لە ساڵی (٢٧٠ک)دا دەچێت بۆ مەککە و ساڵێک لەوێ دەمێنێتەوە و لە ماوەی ئەو ساڵەدا جگە لە حەج و عەمرە، سەرگەرمی تێڕامان و مەشقی ڕۆحی دەبێت تا ئەو ڕادەیەی کە تیایدا لە نزیکەوە عیشقی خودایی ئەزموون دەکات و دەگاتە ئەوەی بڵێت: “ئەگەر تۆزقاڵێک لەو ئاگرەی ناو دڵم فڕێ بدرێتە سەر شاخ و داخەکانی زەوی، هەموویان دەتوێنێتەوە، خۆ ئەگەر لەناو ئاگر خۆیشیدا بوومایە، ئاگرەکەم دەسووتاند”. پاشان بەرەو ئەهواز دەچێت و لەوێشەوە بۆ شوشتەر و سەرلەنوێ دەگەڕێتەوە بۆ ئەهواز و ئینجا لە ساڵی (٢٨٦ک)دا بەرەو هیندستان و خوراسان دەڕوات.
خوراسان لەو ڕۆژگارەدا مەڵبەندی دەوڵەتی شیعە و هەروەها دوو بزووتنەوەی سیاسی و ڕۆحیی بەتین بوو، کە بریتی بوون لە بزووتنەوەی قەرمتیەکان و، هەروەها بزووتنەوەی تەسەووفی بەستامی. حەللاج لەم گەشتەیدا بە گەلێ شوێن و گەلێ کەسێتی ئاشنا بوو و لێرە و لەوێ کۆڕ و کۆبوونەوەی دەبەست و گوتاری دەدا. دیسان نابێ ئەوەمان لەیاد بچێت کە ئەو دەمە خوراسان پڕبوو لە پەرستگای بووداییەکان و، فەلسەفە و ئایین و تەسەووفی هیندی کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر حەللاج کرد و ئەمەش لە ڕێبازەکەیدا ڕەنگی داوەتەوە و گەیاندییە ئەو باوەڕەی کە هەر مرۆڤە و دەبێ لەناو خودی خۆیدا بەدوای خوادا بگەڕێت و بیدۆزێتەوە. ئەم گەشتەی پێنج ساڵی خایاند و دواتر لە دەوروبەری ساڵی ٢٩٠ک دا گەڕایەوە بۆ ئەهواز و لەوێشەوە بۆ بەغداد. دیسانەوە سەودای مەککە دایەوە لە سەری و چووەوە بۆ ئەوێ و، ئەمجارەیان کە گەڕایەوە بۆ بەغدا، لە ماڵەکەی خۆیدا کەعبەیەکی بچووکی بۆ خۆی دروست کرد. هەڵبەتە حەللاج لەم قۆناغەدا گەیشتبووە ئاستێک لە عیشقی خودایی کە باوەڕی وابوو یەکبوونی ڕاستەقینە یەکبوونە لەگەڵ خوادا، دیارە ئەمەش شتێک بوو لای فەقیهەکانی ئەو دەمە قبووڵ نەدەکرا، بۆیە وردەوردە ناحەز و دوژمنی زۆر بوو. ئەوێک کە دەیوت: “یا أهل الإسلام، أغیثوني من اللە، فلیس یترکني و نفسي فآنس بها، و لیس یأخذني من نفسي فاستریح منها، هذا دلال لا أطیقە” واتە: ئەی موسڵمانان، فریام بکەون لە دەستی خوا، نە دەهێڵێت ڕۆحم ئاسوودە بێت تا هۆگری بم و، نە لە ڕۆحم دەمسێنێتەوە تا ڕزگارم بێت لێی و بحەوێمەوە، ئەمە نازێکە کە ناتوانم بەرگەی بگرم” ئیتر چۆن خەڵکی لێی نەدەورووژاند و لێی پڕ نەدەبوون، لەوانەش فەقیهێک کە شیعری دەنووسی و ناوی محەمەدی کوڕی داود بوو و لە دادگای بەغداش قازی بوو. هەربۆیە بە تۆمەتی کفرکردن پەلکێشی کرد بۆ دادگا تا حوکمی کوشتنی بەسەردا بسەپێنن، بەڵام قازییەکی تر لەوێ کە ناوی ئیبن سورەیج بوو و فەقیهێکی شافیعی بوو بەرگریی لێ کرد و وتی: “حوکمدان بەسەر حاڵەتێکی سۆفییانەی لەم چەشنەدا لە دەسەڵاتی دادگا شەرعییەکاندا نییە (کە بەتەنها ڕواڵەتی شتەکان دەبینن)”.
بەڵام دەبێ لێرەدا دیسانەوە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە مەسەلەی دوژمنایەتیکردنی حەللاج و ڕاوەدوونان و چاودێریکردن و زیندانیکردنی، بە تەنها پەیوەندیی بە تەکفریکردنیەوە نەبووە، چونکە وەکو ئاماژەشمان پێ دا پەیوەندیی حەللاج بە قەرمتی و زنجیەکانەوە و بەرگریکردنی لە هەق و لە چەوساوە و هەژاران، شتێک بوو بەلای عەباسییەکانەوە مایەی مەترسی بوو. عیشقی حەللاج بۆ خودا هەڵوێستێک بوو زۆر پەیوەست بوو بە دژایەتیکردنییەوە بۆ ستەم و جەوری عەباسیەکان و چەوساندنەوەی هەژاران و سەپاندنی باجی زۆر لە سەریان، بۆیە تا دەهات ئەم هەڵوێستەی، بەرەو یاخیبوونی زیاتی دەبرد بەرامبەر بە دەوڵەتی عەباسی و، لەبەرامبەر ئەوەشدا، خۆشەویستی و هاوسۆزیی بۆ ستەملێکراوان پتر دەکرد. ئیتر ئەوە بوو لە ساڵی (٢٩٩ک) (٩١١ – ٩١٢ز) دا، واتە هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی فاتمیدا لە مەغریب، وەزیری وەخت “عەلیی کوڕی محەمەدی کوڕی فورات” بڕیاری دەسگیرکردنی دەرکرد، بەڵام ئەو هەڵدێ بۆ سووس لە ئەهواز، گەرچی دوای دوو ساڵ، واتە لە ٣٠١ک دا و لەڕێی سیخوڕێکی وەزیر حامیدی کوڕی عەباسەوە دەسگیردەکرێ و ئەم زیندانیکردنەشی ماوەی نۆ ساڵ دەخایەنێت.
ئەم قۆناغە لە ژیانی حەللاجدا، دژوارترین و پڕئازارترین قۆناغ دەبێت، گەرچی لەگەڵ ئەمەشدا ئەو هەر لەسەر کار و نووسینەکانی خۆی بەردەوام دەبێت.
هەر لەو ساڵی گرتنەیدا وەزیرێک بە ناوی “عەلیی کوڕی عیساوە” دەسبەکار دەبێت کە خزمی یەکێک لە کاربەدەستە گەورەکانی دەوڵەت دەبێت بە ناوی “حەمد قینائی”یەوە، ئەمەی دووەمیان لایەنگرێکە لە لایەنگرەکانی حەللاج. هەربۆیە ئیبنو عیسا، بە گەڕانەوە بۆ فەتواکەی ئیبنو سورەیج مەسەلەی دادگاییکردنی حەللاج هەڵدەپەسێرێت و قوتابییەکانی حەللاجیش ئازاد دەکات. بەڵام ئەو کردەوەیەی دەبێتە مایەی ورووژاندن و هەڵچوونی نەیارانی حەللاج، ئەمیش بۆ دامرکاندنەوەی ئەو ورووژان و هەڵچوونە، بڕیار دەدات بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، لە بەیانییەوە تا نیوەڕۆ حەللاج بە زیندوویی بە خاچدا هەڵبواسرێ و ئینجا ببرێتەوە بۆ زیندان.
(حەللاج هەر لەم ماوەی زیندانیکردنەیدا دوا کارەکانی خۆی نووسی و لەوانەش “تاسینی ئەزەل” کە ئیبنو عەتا لە ساڵی ٣٠٩ک دا دەستی کەوت و لای خۆی پاراستی) .

دادگاییکردنەکەی حەللاج:
پاش ئەوەی لە ساڵی ٣٠٦ک دا قەیرانی دارایی ڕووی کردە وڵات و سەرشەقامەکان پڕبوون لە خۆپیشاندەران و پێکدادان و، هەڵپژان لەنێوان خەڵک و سوپادا ڕووی دا و ژمارەیەکی زۆر لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون، خەلیفە بۆ پاککردنەوەی دەستوپێوەند و دامەزراوەکانی لەو کەسانەی لایەنگری خۆپیشاندەران بوون، هەندێ گۆڕانکاریی ئەنجام دا. لەوانە؛ لابردنی ئیبنو فورات و دانانی حامیدی کوڕی عەباس بە وەزیر. حامیدیش یەکێک بوو لە دوژمنە سەرسەختەکانی حەللاج. بۆیە ئەوەی بە فرسەت زانی و دوای ئەوەی عەلیی کوڕی عیسای جێگری لە خۆی دوورخستەوە، بڕیاری سازکردنەوەی دادگایی بۆ حەللاج دەرکرد. (حامید دەیویست دیمەنەکە بە جۆرێک بسازێنێت کە حوکمی کوشتنی حەللاج لە دادگاوە دەربکرێ. هەر بۆ ئەم مەبەستە، قازییەکی سوننیی مالیکیی هێنا، ناوی ئەبو عومەری حەمادی بوو، کە لەناو کاربەدەستاندا بە قسەزانی ناوی دەرکردبوو، ئەو گوتەیەی حەللاجیشی هێنایەوە کە وتوویەتی: “لەبری چوون بۆ حەج، نەزر و زیارەتی کەعبەی دڵ بەسە” و کردی بە بەڵگە بەسەریەوە بۆ “دەسبەرداربوون لە حەج” و وتی: “مەسەلەکەی حەللاج لە مەسەلەی قەرمتیەکان دەچێت، کە دەیانوسیت کەعبە بڕووخێنن، بۆیە دەبێ مەنسووری حەللاج بەم تاوانە حوکمی کوشتنی بۆ دەربکرێ) هەڵبەتە دەبێ ئەوە لەیاد نەکەین کە حامید، حەللاج و هاوڕێکانی، لەوانە: ئیبنو عەتا و ئیبنو عیسای بە هۆکاری ئەو ئاشووب و خۆپیشاندانانە دەزانی. ئەمە لەکاتێکدا هۆکاری سەرەکی، خۆی بوو، کە تەماعی خستبووە بەر خەلیفە و باجی لەسەر خەڵک زیادکردبوو. خەڵکیش چیتر سەبریان نەمابوو لە دەست ئەو زوڵم و زۆرە و ڕژابوونە سەر شەقامەکان.
دادگاییەکە بە سەرۆکایەتیی ئەبو عومەری حەمادی سازکرا. هەر لە دەستەی دادگاییکردنەکەدا قازییەکی حەنەفی هەبوو کە ناوی ئەبوجەعفەری بەهلول بوو، لەبەرئەوەی بە کوشتنی حەللاج قایل نەبوو، لە دەستەکە دوورخرایەوە و قازییەکی حەنەفی تریان لەجێی دانا کە ناوی ئەبولحوسەین عومەر بن ئەشنانی بوو. حامیدی کوڕی عەباس بە ئەنقەست نەیهێشت هیچ قازییەکی شافیعی لەو دەستەیەدا بێت، لە ترسی ئەوەی نەبادا بکەوێتە ژێر کاریگەریی فەتوا کۆنەکەی ئیبنو سورەیجەوە و حەللاج بە بێبەری لە قەڵەم بدات. دادگاییەکە سازکرا. چەند هەوڵیان دا، لە نووسینەکانیدا بەڵگەیەک لەسەر زندیقبوونی حەللاج بهێننەوە، نەیانتوانی. تا چوونەوە سەر مەسەلەی “حەج” و ئەو قسەیەی کە حەللاج لە بارەی حەجەوە کردبووی و وتبووی (ئەگەر یەکێک نەیتوانی بچێت بۆ حەج، دەتوانێ لە ماڵەکەی خۆیدا شتێکی وەکو کەعبە دروست بکات و بە دەوریدا تەواف بکات وەکو ئەوەی لە مەککە بێت، پاشان سی هەتیو کۆبکاتەوە و نانیان بداتێ و خۆی خزمەتیان بکات و دەستیان بشوات و کراس بکاتە بەری هەموویان و یەکی حەوت درهەمیان بداتێ. کاتێکیش قازی ئەبو عومەر سەرۆکی دادگا لە حەللاجی پرسی ئەو قسەیەی لە چ سەرچاوەیەکەوە وەرگرتووە، حەللاج لە وەڵامدا وتی کە لە کتێبی “ئیخڵاس”ی حەسەنی بەسریدا خوێندوویەتییەوە. ئەبو عومەر نکووڵیی لەوەکرد کتێبێکی لەو جۆرە هەبێت. حەللاجیش لەسەر قسەکانی خۆی سووربوو. ئیتر ئەبو عەمەر ڕاپەڕی و بەسەریدا هاواری کرد: “ئەی خوێن حەڵاڵ”. کاتێ وەزیر ئەمەی بیست، یەکسەر بە ئەبو عومەری وت: “ئەوە بنووسە”، هەرچەندە ئەبو عومەر ویستی خۆی لێ بدزێتەوە، بەڵام حامید پێداگریی کرد و لەسەر داواکەی سووربوو و – هیچ سەرپێچییەکیش لەگەڵیدا سوودی نەبوو -، بەتایبەتیش کە قازی بن ئەشنانیش بۆ ڕازیکردنی حامید، لەسەر ئەوە قایل بوو، هەربۆیە خوێنڕشتنی حەللاجیان حەڵاڵ کرد و ئەوانەی لە دادگاکە بوون، چ قازی و چ شایەت، هەموویان مەحزەرەکەیان ئیمزا کرد) .
لە ڕۆژی ٢٤ی زولقەعدەی ساڵی ٣٠٩ک دا و لە (بابی خوراسان)، خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە تا چۆنێتیی کوشتن و لەخاچدانەکەی حوسەینی کوڕی مەنسوری حەللاج ببینن. حەللاج وەختێ لە شوێنی لەخاچدانەکەی نزیک بووبۆوە و دار و تەختە و بزمارەکانی بینیبوو، هێندە پێکەنیبوو تا چاوەکانی پڕ بووبوون لە فرمێسک. پاشان هەر وەکو لە ڕۆمانەکەشدا هاتووە و پێویست ناکات لەم پێشەکییەدا دووبارەی بکەمەوە، دوو ڕکات نوێژی کردووە و ئینجا داوای لە خوا کردووە کە لە بکوژەکانیشی خۆش بێت. ئینجا ئەبو حارسی شمشێروەشێن لێی نزیک دەبێتەوە و بە دەموچاویدا دەکێشێت، دواتر هەزار قامچیی لێ دەدات و دوای ئەوەش دەست و پێی دەبڕێتەوە. هەڵبەت لەبەرئەوەی لەخاچدانەکەشی دەبووایە بە ئامادەبوونی وەزیر بووایە تا فەرمانی خەلیفە لەوبارەیەوە بخوێنێتەوە، لەخاچدانەکەی بۆ ڕۆژی دوایی دواخرا و بۆ ڕۆژی دوای ئەوە، شمشێروەشێن لە ملی دا و سەری پەڕاند. پاشان لاشەکەی لە حەسیرێکەوە دەپێچن و نەوتی پێدا دەکەن و دەیسووتێنن، ئینجا خۆڵەمێشەکەی دەبەن و لەسەر منارەیەکەوە دەیڕێژنە ناو ئاوی دیجلەوە. سەرە پەڕیوەکەشی دەبرێ بۆ زیندانە تازەکەی و، لەگەڵ هەردوو دەست و پێیە بڕاوەکەیدا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەسەر دیواری زیندانەکە دایدەنێن. دوایی، کەللەسەرەکەی دەبەنە گەنجینەی دارولخیلافە و بۆ ماوەی ساڵێک لەوێ دەمێنێتەوە و پاش ئەوەش دەنێردرێ بۆ خوراسان تا لەوێ ببێت بە عیبرەتێک بۆ هاوڕێکانی. بەڵام ئەم چارەنووسە شتێکی سەیر نەبوو بەلای حەللاج خۆیەوە، ئەو مردنی لەڕێی هەق و عیشقی خوداییدا بە خەونێک دەزانی کە دەیویست بێتە دی. ئەی هەر ئەو خۆی نەبووە کە پێشتر پێشبینیی ئەو مەرگەی خۆی کردووە و وتوویەتی:
ألا أبلغ أحبائي بأنيّ
رکبت البحرُ و انکسرَ السفینة
علی دین الصلیب یکون موتي
و لا البطحا أرید و لا المدینة
واتە: بە خۆشەویستانم ڕابگەیەنن کە من بە ڕێی دەریادا ڕۆیشتم و کەشتییەکەم شکا، مەرگی من لەسەر تەرزی ئایینی خاچپەرستان دەبێت، من نە مەککەم دەوێت و نە مەدینە.
فەریدەدینی عەتتار لە “مەنتیقولتەیر”دا بەمشێوەیە باس لە دەستوقاچ بڕینەوەکەی حەللاج دەکات:
چون شد آن حلاج بردار آن زمان
جز أنا الحق می نرفتش بر زبان
چون زبان او همی نشناختند
چار دست و پای او انداختند
زردشد چون بریخت خون از وی بسی
سرخ کی ماند درین حالت کسی
زود در مالید آن خورشید راه
دست ببریدە بە روی همچو ماه
گفت چون گلگونهء مرد است خون
روی خود گلگونە کردم کنون
تا نباشم زرد در چشم کسی
سرخ رویی باشدم انجا بسی
واتە کاتێک حەللاجیان لەو ڕۆژگارەدا بە داردا هەڵواسی، جگە لە (أنا الحق) هیچی تری بەسەر زماندا نەهات، لەبەرئەوەی خەڵکەکەش لەو قسەیەی تێنەدەگەیشتن، هەر چوار دەست و پێیان بڕی، کاتێکیش خوێنی زۆری لێ ڕۆیی، ڕەنگی زەرد هەڵگەڕا، چونکە لە حاڵەتێکی وادا چ ڕوخسارێک هەیە بە سووری بمێنێتەوە، ئینجا ئەو پیاوە کە ڕێگای خۆری گرتبوو، دەستە بڕاوەکەی ماڵی بە ڕوخساری خۆیدا کە دەتوت مانگە و وتی: ئەگەر سووریی ڕوخساری پیاو هی ئەو خوێنە بێت کە تیا دەگەڕێت، وا منیش ڕوخساری خۆم سوورتر کرد، تا لە چاوی کەسدا ڕەنگزەرد نەنوێنم، بۆیە پێویستم بەوەیە ڕەنگم سوور بێت.

کاریگەریی حەللاج دوای مەرگی
ئەو ڕاستییەی نکووڵیی لێ ناکرێ ئەوەیە کە حەللاج و ڕێبازەکەی لە پاش مەرگی کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر فەیلەسووفان و موتەسەویفان و تەنانەت ئەدیبان و هونەرمەندانیش هەبووە. شایانی باسە حەللاج جگە لەوەی سۆفییەکی گەورە بووە، شاعیرێکی گەورەش بووە و کۆمەڵێک قەسیدەی ناوازە و نەمری دوای خۆی جێهێشتووە. لێرەدا زۆر بە کورتی و هەر بۆ نموونە ناوی هەندێک لەو کەسێتییانە دەهێنین کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی حەللاج و ڕێبازەکەی و شیعرەکانییەوە، لەوانە: ئیبنو سینا کە بە شێخی ڕەییس ناسراوە، چەمکی نوور کە بناغەی فەلسەفەی ئیشراقە، ئیبنو سینا لەژێر کاریگەریی حەللاجدا دەیکات بە بنچینەی فەلسەفەکەی. هەروەها “سوهرەوەردی”یش بە هەمان شێوە. جگە لەمانە دەتوانین ناوی “جیلی” و “ئیبنو عەرەبی” و “ئیبنو فارز” و “غەزالی” و “فەریدەدین عەتتار” و “جەلالەدینی ڕۆمی”یش بهێنین.
هەروەها لویس ماسینیۆن سەبارەت بە کاریگەریی حەللاج لەسەر ئەو بە نەژاد تورکانەی کە تازە ڕوویان کردبووە ئیسلام و لە کارەکانیاندا ستیاشی حەللاجیان کردووە؛ ناوی ئەمانە دەهێنێت:
١ – ئەحمەد پەسوی (کە لە ساڵی ٥٦٣ک دا کۆچی دوایی کردووە) و لە شاری پەساء نێژراوە، لە شیعرەکانیدا پەسنی حەللاجی کردووە.
٢ – نەسیمی، لە شیعرەکانیدا بە گەورەیی باسی حەللاجی کردووە و لە ساڵی (٨٢٩ ک)دا بە تۆمەتی ئیلحاد لە شاری حەڵەب کوشتوویانە و پێستەکەیان گوورووە.
٣ – سۆفییەکانی بەکتاشیە: زۆربەی لایەنگرانی ئەم ڕێبازە لە “یەنی چری”یەکانی وڵاتی عوسمانی بوون کە خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ حەللاج هەبوو… لە ئەدەبیاتی تورکیشدا حەللاج بە “زوبدەتولئەولیا” ناسرابوو. لامیعی (کە لە ٩٥٨ ک دا کۆچی دوایی کردووە) لە قەسیدەیەکیدا کە پێشکەشی سوڵتان سولەیمانی قانونیی کردووە، شێوەی لەداردانەکەی حەللاجی بە گوڵێکی سەربەرەوخوار شوبهاندووە.)
هەڵبەت ماسینیۆن لەپاڵ ئەم ناوانەدا ناوی گەلێ موتەسەویف و شاعیری تری تورک و غەیرە تورک ڕیزدەکات کە هەموویان بە شێوەیەک لە شێوەکان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی حەللاجەوە کە ناکرێ لێرەدا ناوی هەموویان بهێنین، بەڵام هەر لەو ناوانە ئاماژە بە ناوی “ئیقبالی لاهوری” دەکەین کە فەیلەسووف و شاعیر و سیاسەتمەدارێکی ناوداری پاکستانی بووە و لە ساڵی ١٩٣٨ز دا کۆچی دوایی کردووە. ئەو لە ڕوانگەی چەمکی “باڵامرۆ”ی فریدریش نیتچەوە دەڕوانێتە حەللاج و ئەو بە نموونەی مرۆڤی بەرکەماڵ لە قەڵەم دەدات.
هەروەها کاریگەریی حەللاج لەسەر شاعیرانی فارس کاریگەرییەکی بەرچاو و فراوانە. لەو شاعیرانەش” مەولەوی (جەلالەدینی ڕۆمی)، حافز، نیزامی، سەعدی، پەروینی ئیعتیسامی، ئەبو سەعید ئەبولخەیر، سائیب، موسەوی، فەیزی کاشانی، سەنایی، عیراقی و هتد…
لە شاعیرانی عەرەبیش دەتوانین ناوی (سەڵاح عەبدولسەبور) بهێنین کە شانۆنامەیەکیشی هەیە لەسەر حەللاج بە ناوی “تراژیدیای حەللاج”ەوە. هەروەها (عەبدولوەهاب بەیاتی) کە شیعرێکیشی هەیە بە ناوی (ئەشکەنجەکانی حەللاج)ەوە. شاعیرێکی تری عیراقیش هەیە بە ناوی (قەیس لفتە مراد)ەوە کە زۆر لەژێر کاریگەریی حەللاجدا بووە و تەنانەت دیوانێکی بچووکی هەیە کە ناونیشانەکەی (گۆرانییەکانی حەللاج)ە و لە ساڵی ١٩٦٦دا لە بەغدا چاپی کردووە. بێگومان ناکرێ ئاماژە بە نووسین و لێکۆڵینەوەکانی (کامیل مستەفا شیبی)یش نەدەین کە هەم لە ڕووی خۆشەویستییەوە بۆ حەللاج و هەم لە ڕووی سەرسامبوونیەوە بە لویس ماسینیۆن، چەندین باس و توێژینەوەی لەسەر حەللاج نووسیوە، جگە لە کتێبە بەناوبانگەکەی کە “شرح دیوان الحلاج”ە، لە پاڵ کتێبەکەی تریدا کە ناوی “حەللاج وەک بابەتێک بۆ ئەدەبیات و هونەری خۆرهەڵاتی و عەرەبی” کە لە ساڵی ١٩٧٦دا لە بەغدا بە چاپی گەیاندووە.
هەروەها لەمڕووەوە نابێ “جەمیل سدقی زەهاوی” و “ئەدۆنیس”ی شاعیر و، “عەدنان مەردوم بێگ” ی شانۆنووس و “میشال فەرید”ی ڕۆماننووس و هونەرمەندان “شاکر حەسەن ئال سەعید” و “زیاء عەزاوی”یشمان لەبیربچێت.
لە شیعری کلاسیکیی کوردیشدا، بە ئاشکرا ڕەنگدانەوەی حەللاج و ڕێبازەکەی لەسەر بەشێک لە شاعیرانی ناودارمان دەبینینەوە ، لەوانە باباتاهیری هەمەدانی، مەلای جزیری، خانی، بێسارانی، مەولەوی، مەولانا خالید، نالی و مەحوی.
ژنە خۆرهەڵاتناسی ئەڵمانی “ئان ماری شیمیل” باس لەوەدەکات چیرۆکی پەروانە و چرا کە لە کتێبی “تەواسین”ی حەللاجدا هاتووە، لەسەر دەستی حافزی شیرازی چووەتە ناو شیعری فارسییەوە و لەڕێی “گۆتێ”یشەوە چووەتە ناو ئەدەبیاتی ئەڵمانیەوە، کاتێ گۆتێ شیعری حافز بۆ ئەڵمانی وەردەگێڕێت. هەڵبەتە دیارە هەمان چیرۆک و پاش بە شیعرکردنی، هەر لەڕێی شیعری کلاسیکیی فارسیشەوە هاتۆتە ناو شیعری کلاسیکیی کوردییەوە و وێنەی شەمع و پەروانە لە شیعری کلاسیکیماندا زۆر دووبارە بووەتەوە.

ئەم ڕۆمانە
نووسەری ئەم ڕۆمانە کە ناوی “عەباس ئەرنائوت”ە، لە بنەڕەتدا نووسەرێکی درامایی و دەرهێنەرێکی تەلەفزیۆنییە و لە بەریتانیا خوێندوویەتی و لە حەفتاکانەوە سەرقاڵی نووسین و دەرهێنانی زنجیرەی درامایی تەلەفزیۆنی بووە و کۆمەڵێک زنجیرەی تەلەفزیۆنیی سەرکەوتووی بۆ کەناڵە عەرەبیەکان نووسیوە، لەوانە: سولەیمانی حەڵەبی، عەنتەرە، شەوی کەوتنی غەرناتە، شکۆ شایانی ئەسپسوارانە، مەرگی موتەنەبی و هتد… لە بواری ڕۆماندا، جگە لەم کارە کارێکی تری هەیە بە ناوی “دەنگەکە بانگم دەکات”، لەگەڵ کۆمەڵە چیرۆکێکی کورتدا.
ئەگەر بمانەوێ چەند دێڕێک لەسەر ئەم ڕۆمانە بڵێین، ئەوا بەر لە هەموو شتێک دەبێ بڵێین کە ئەم ڕۆمانە بە شێوازێکی تەقلیدی نەنووسراوە و هەر لە سەرەتاشەوە خوێنەر هەست بەمە دەکات. واتە لەم ڕۆمانەدا خوێنەر گێڕانەوەیەکی باو نابینێتەوە وەکو ئەو گێڕانەوانەی زۆربەی ڕۆماننووسەکان پەنای بۆ دەبەن، بەڵکو زمانی گێڕانەوە لەم کارەدا پتر زمانێکی پەخشانیی شیعر ئامێزە کە خۆی لە دێڕی کورت کورت و وێنەی شیعری و بەکاربردنی زمانێکدا دەبینێتەوە کە ئەگەرچی شیعری ڕووت نییە، بەڵام دەیەوێ لەناو کەش و هەوایەکی شیعریدا بمانهێڵێتەوە. هەڵبەتە ئەگەر ئێمە وا بڕوانینە ئەزموونی سۆفییانە، کە بە دیوێک لە دیوەکانیدا ئەزموونێکی شاعیرانەشە، ئەوا بۆمان دەردەکەوێ کە هەڵبژاردنی ئەم شێوازەی بەکاربردنی زمان لەم دەقەدا هەڵبژاردنێکی زیرەکانەیە. نووسەر لەم ڕۆمانەدا کەسێتیی حەللاج هەم وەکو کەسێتیەکی موتەسەویفی تینوو بە مەعریفە و خۆناسین و خوداناسین پیشان دەدات هەم وەکو شاعیرێکی شەیدا ( کە حەللاج خۆی شاعیرێکی گەورەش بووە) و هەم وەکو کەسێتییەکی یاخی و شۆڕشگێڕ کە هاوخەمی ستەملێکراوان و مافخوراوانە، ئەوانەی لە سای ستەم و جەوری دەوڵەتی عەباسیدا ژیانێکی سەخت و ناشایستە بە ئینسان دەبەنە سەر و هەرچی موڵک و داهاتی وڵاتە قۆرخە بۆ توێژێک لە حوکمڕانان و کاربەدەستانی سەر بە دەوڵەت و خەلیفە و، جووتیار و کۆیلەکانیش ڕۆژانە ژەهراو دەچێت بە گەروویاندا. بەهەرحاڵ ئەم دوو ئاقارە لەلای حەللاج تێکەڵ دەبن و لە یەکدی جوێ ناکرێنەوە، واتە عیشق بۆ خودا و عیشق بۆ ئینسان، بۆ هەقی ئاسمان و هەقی مرۆڤەکان.
دەتوانین بڵێین کە نووسەر لەم کارەدا توانیویەتی سەرەکیترین ڕووداو و وێستگەکانی ژیانی حەللاج کۆبکاتەوە و بە خەتێکی سەردیی – شیعری پێکەوە گرێیان بدات و وێنەیەکی هونەریی جوان و دڵڕفێنمان بۆ بخاتە ڕوو.
دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە لە هەندێ شوێنی ئەم دەقەدا زمان دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی سەردییانەی خۆی، گەرچی ئەم شوێنانە لە کارەکەدا کەمن و بە شێوەیەکی گشتی زمانێکی شیعری و شاعیرانە بەسەر ڕۆمانەکەدا زاڵە، کە ئومێد دەکەین ئێمەش توانیبێتمان لە دەقە کوردییەکەدا ئەوە بە خوێنەر بگەیەنین. هەروەها دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە لە هەندێ جێدا، بە ئەنقەست هەندێ وشە و گوزارە و ئایەتم بە عەرەبیەکەی داناوەتەوە، چونکە هەستم کردووە ئەوە پتر هێزی ئەو شوێنانەی دەقەکە دەپارێزێت، بەڵام بەبێ ئەوەی لە یادم بچێت لە شوێنی خۆیاندا یان لە پەراوێزدا، مانایان لێک بدەمەوە یان ڕوونکردنەوەیان لەسەر بدەم، چونکە هەروەکو دەزانن لە تەسەووفدا هەندێ وشە و زاراوە و گوزارە هەن کە نەک هەر وەرگێڕانیان بێتامیان دەکات، بگرە هاوواتایەکی پڕ بە پێستیشیان دەست ناکەوێ.
دواجار، ئێوە و ژیان و عیشق و ئازارەکانی ئینسانێک کە لە زۆر ڕووەوە بە ئازارەکانی مەسیح شوبهێنراوە.

ئازاد بەرزنجی
٤/١/٢٠١٦

سەرچاوەکان

١- الحلاج في ماوراء الخط و اللون، سامي مکارم، ریاض الريس للکتب والنشر، ط٢ ٢٠٠٤ بیروت.
٢- آلام الحلاج، لویس ماسینیون، ترجمة: الحسین مصطفی حلاج، شرکة قدمس للنشر والتوزیع، ط١ ٢٠٠٤، بیروت.
٣- قوس زندگی منصور حلاج،لویس ماسینیون، ترجمه: د.عبالغفور روان فرهادي، انتشارات بنیاد فرهنگ ایران.
٤- منطق الطير، شیخ فریدالدین عطار نیشابوری،با مقدمه و تصحیح: حمید حمید، ناشر: نشر طلوع، چاپ سوم، تهران.
٥- حلاج، هیربرت و.میسن،ترجمه: د. مجدالدین کیوانی،چاپ پنجم ١٣٩١ نشر مرکز.
٦- الفناء في الانسان (کبار الصوفیة)، هالة العروي، صفحات للنشر ٢٠١٣.
٧- الحلاج او صوت الضمیر، ابکار السقاف، رامتان للنشر و التوزیع ١٩٩٥.
٨- منارات، العدد ٢٨٢٢ خاص بالحلاج.

‘پەڕەسێلكەكانی كابول’ـەکەی یاسمینە خەزرا

12213_10201144057481611_3067188981156460916_n

‘پەڕەسێلكەكانی كابول’ـەکەی یاسمینە خەزرا بڵاو كرایه‌وه‌

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

پەڕەسێلكەكانی كابول، یه‌كه‌مین ڕۆمانی نووسه‌ری جه‌زائیری “یاسمینە خەزرا”یه‌ كه‌ ناوی ڕاسته‌قینه‌ی (محەمەد مولسهول).

ئه‌م رۆمانه‌ له‌ وه‌رگێڕانی تارا شێخ عوسمان و له‌ بڵاوكراوه‌كانی ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووسه‌.

ئه‌م نووسه‌ره‌ ساڵی (1955) لە ناوچەی (قنادسە)ی بیابانی شاری بشاری باشووری خۆرئاوای جەزائیر لە دایك بووە. لە تەمەنی (9) ساڵیدا دەچێتە قوتابخانەی (بێچووەشێرانی شۆڕش)ی جەزائیری و دواتر و لە ساڵی (1975)دا چووه‌تە ئەكادیمیای سەربازی لە (شرشال) و دوای سێ ساڵ بە پلەی ئەفسەری سەف دەرچووە. ساڵی (2000) وازی لە سوپا هێناوە و خۆی تەرخان كردووە بۆ نووسین. ماوەیەك لەگەڵ هاوسەر و سێ مناڵەكەیدا كۆچی كردووە بۆ مەكسیك، بەڵام دواتر چووه‌تە شاری (ئیكس ئۆنبرفانس)ی فەڕەنسا و تا ئێستا لەوێ دەژی.

لە فەڕەنسا سەرۆكی سەنتەری ڕۆشنبیریی فەڕەنسی- جەزائیرییە.

وه‌رگێڕ له‌ پێشه‌كی رۆمانه‌كه‌دا دەربارەی ئەوەی ناوی (یاسمینە خەزرا)ی لە كوێوە هێناوە و بۆچی بە ناوی ژنێكەوە دەنووسێت؟له‌ زاری نووسه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ی ڕوونكردۆته‌وه‌ و كه‌ مولسهول له‌ شوێنێكدا دەڵێت (پێشتر چەند بەرهەمێكم بە ناوی خۆمەوە نووسی، تووشی لێپرسینەوە بووم، بۆیە بڕیارم دا بە ناوێكی خوازراوەوە بنووسم و بۆ ئەمەش ژنەكەم ڕێگەی نیشان دام و پێی وتم: وەك تۆ ناوی خۆتت پێ دام بۆ ئەوەی تا مردن هەڵیبگرم، منیش ناوی خۆمت پێ دەبەخشم).

دەڵێت (من شانازی دەكەم كە بە ناوی ژنەكەمەوە دەنووسم، چونكە ئەو كەسێكە هەمیشە پشتیوانمە و هۆكاری سەركەوتنەكانمە.

له‌م ڕۆمانه‌دا (پەڕەسێلكەكانی كابول)دا لە ڕێگەی دوو ژن و دوو پیاوەوە، هەموو ئەو نەهامەتی و سووكایەتییانە دەخرێنە ڕوو كە لە سایەی دەسەڵاتی تاڵیباندا ڕووبەڕووی خەڵكی ئەفغانستان بوونەتەوە.

ژیان هیچ مانایەك نابەخشێ و خەڵكی بەوپەڕی نائومێدییەوە ڕۆژە پووچەكانیان بەڕێ دەكەن. لەسێدارەدان و بەردبارانكردن وەك دیاردەیەكی ئاسایی تەماشا دەكرێن و بوونەتە بەشێك لە پێكهاتەی ژیان لەو وڵاتەدا.

ئەوەی لە وتاری مەلاكانەوە بووه‌تە یاسا و چوارچێوە بۆ هەڵسوكەوتەكان، ژیانی لە مانا ڕاستەقینەكەی خۆی داماڵیوە و ناتوانرێت هەست بە هیچ جووڵانەوەیەكی زیندوو لەو وڵاتەدا بكرێت. چی بڵێین، كاتێك ژنومێردێك نەتوانن پێكەوە بە شەقامەكاندا پیاسە بكەن و دەستی یەكتری بگرن؟

وه‌رگێڕ له‌باره‌ی ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ (پەڕەسێلكەكانی كابول) تەنها لە فەڕەنسا نیو ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە. له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ئه‌فغانستانی نه‌كردووه‌ به‌ڵام توانیویه‌تی له‌ رۆمانه‌كه‌یدا به‌ ورده‌كارییه‌وه‌ زۆره‌وه‌ چیرۆكی پاڵه‌وانه‌ ئه‌فغانییه‌كان بگێڕێته‌وه‌ یاسه‌مین ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ (ئەدەبی ڕاستەقینە ئەوەیە وێنای جیهانێك بكەی كە هەرگیز پێت تێنەخستبێت، بە هزری گەلەكانیدا ڕۆبچیت و بگەیتە سەرچاوەكانی نیگەرانی و خەونەكانیان.

من دەپرسم، تۆ بڵێی توانیبێتم هەموو ئەو شتانە تۆمار بكەم كە نزیكن لە ڕاستییەوە؟ پێشتریش ئیسرائیلییەكان وایان زانی بەڕاستی لە ئیسرائیل ژیاوم، زۆربەی ڕۆژنامەوانان و پەیامنێرانیش پرسیاری ئەوەیان لێ دەكردم داخۆ لەو وڵاتانە ژیاوم و سەفەرم بۆ كابول كردووە، بۆیە وا توانیومە لەبارەیەوە بنووسم؟ بەڵام دیسان دەڵێم، نەخێر.

پێویستە بوترێت، ڕۆمانی (پەڕەسێلكەكانی كابول) ساڵی (2008) لە ئەمریكا لە لیستی كتێبە پڕفرۆشەکانی ساڵدا بووە. ئێستا ئه‌م رۆمانه‌ گرنگه‌ له‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌ری كورددایه‌ و به‌ وه‌رگێڕانێكی جوان و له‌ بڵاوكراوه‌ نوێكانی ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووسه‌

له‌ ماڵپه‌ڕی رۆژنامه‌ی هه‌ولێر

داخستنی عەقڵی مسوڵمان – رۆبێرت. ر. رایلی

 

1915201_780491835411403_5722501672446180203_n

داخستنی عەقڵی مسوڵمان

چۆن خۆكوشتنێكی عەقڵی قەیرانی ئیسلامگەرایی مۆدێرنی دروست كرد؟

پێشكەشە بەو پیاو و ئافرەتە دلێرانەی جیهانی ئیسلام كە بۆ جارێكی دی كردنەوەی عەقڵی مسوڵمان كۆشش دەكەن، لێرەدا لەبەر ئاسایشی ژیانیان ناویان ناهێنین.

پێشكەشە بەو پیاو و ئافرەتە دلێرانەی جیهانی ئیسلام كە بۆ جارێكی دی كردنەوەی عەقڵی مسوڵمان كۆشش دەكەن، لێرەدا لەبەر ئاسایشی ژیانیان ناویان ناهێنین.

لەبری پێشەکی

وەرگێڕانی ئەم کتێبە بۆ؟

هەروەک چۆن نووسینی هەر کتێبێک داستانێکی تایبەت بە خۆی هەیە، له‌ پشت وەرگێڕانی هه‌ر دەقێکی فیکرییشه‌وه‌ داستانێک و ڕەنگە زیاد لە غەم و نیگەرانییەک بوونی هەبێت. کاتێک لە ساڵی ٢٠١٣دا کتێبی “داخستنی عەقڵی مسوڵمان”م خوێندەوە، لە نووسینی توێژەری ئەمریکی ڕۆبێرت ڕ. ڕایلی، لە ڕاستیدا هەندێک لەو غەم و نیگەرانییە فیکرییە قووڵانەمی وە یاد هێنایەوە، کە ساڵەهای ساڵ بوو گینگڵم پێوە دەخواردن. لێرە با زۆر بە خێرایی ئاماژە بە سێ کێشە یا سێ نیگەرانیی گەورە بکەم، کە خۆیان لە خۆیاندا سێ هۆی سەرەکییشین لە پشت بڕیاری وەرگێڕانی ئەم تێکستەوە.

لە نێو خێزانێکی ئیمانداری مسوڵماندا چاوم بە دنیا هەڵهێناوە و گەورە بووم. هەر لە سەرەتای منداڵییەوە، وەک هەر منداڵێکی مسوڵمان له‌ خێزانە ئیماندارەکانی وڵاتەکەمدا، لەسەر دنیابینییەکەی ئایینی و وێناکردن و دیتنێکی تایبەتی سیۆلۆژییانە بۆ “اللە” نەک “خودا” گۆش کراوم، لەسەر “ملکەچبوون” و تۆقاندن و ترسێکی بێ”هۆی” لێوانلێو لە مەترسی لە اللە پەروەردە کراوم، کە لە سەروو خەیاڵی نەک منداڵێکی شەش یا حەوت ساڵانەوەیە، بەڵکو لەودیو خەیاڵی کەسانی گەورەشەوەیە. ترساندن و تۆقاندن لە دۆزەخ و بە هۆی دۆزەخەوە، بە هۆی ئاگر و ئەشکەنجە سەیروسەمەرەکانی دۆزەخ و سووتانێکی ئەبەدی کە سزای اللەیە، کە ئەمە خۆی لاقەکردن و لەناوبردنی پاکیی منداڵانە و ترۆرکردنی دنیای منداڵیی ملیۆنەها منداڵی مسوڵمانە. ترسێکی بێمانا لە خودا، دیتنێکی اللە کە خاڵی خاڵییە لە خۆشەویستی و میهرەبانی، بە جۆرێک، هەر لە سەرەتاوە پەیامەکە ئەوەیە کە تۆ نە دەتوانی لە اللە بگەیت و نە خۆشت بوێ، زاتی ئەویش تۆی خۆش ناوێت و مەبەست و ڕازی بوونی تۆ هیچ نییە جگە لە پەرستنی ئەو زاتە کە ناتوانیت بە عەقڵ لێی تێبگەیت و ناشتوانیت بپرسیت “پەرستن بۆ؟”

دواجار قوتابخانەش درێژکراوەی ئەو بەناو پەروەردەکردنە بوو، ڕاهێنان و پەروەردەکردن لەسەر دەستبەرداربوونی ئیرادە و گەشەنەکردنی خودێتی و کەسی خۆ، ڕامکردن لەسەر توڕهەڵدانی عەقڵ و بیرکردنەوە، بەتایبەتی ڕاهێنان لەسەر بیرنەکردنەوە و بەتایبەتیتریش بیرکردنەوەی سەربەخۆ و ڕەخنەیی. بە واتایەکی دیکە، قوتابخانە هیچ نەبوو جگە لە شوێنێک بۆ درێژکردنەوەی ئەو تەڵقینە ترسناکەی ناو خێزان و ڕاهێنان لەسەر کۆمەڵێک دۆگما کە هەر هەموو دژی تاکایەتی و بیرکردنەوە و پراکتیکی ئیرادەن، کە هەرسێکیان لە کۆڵەکە گەورەکانی مرۆڤبوونن. به‌بێ ئەمانە، شتێک نییە بە ناوی مرۆڤەوە، دواجار کە فەلسەفەم خوێند، بۆم دەرکەوت سیۆلۆژیایه‌ك باڵی بەسەر ئیسلامدا کێشاوە، كه‌ نەک هه‌ر دژی عەقڵە، به‌ڵکو دژی مرۆڤبوون و دژی خودی ژیانیشە. تا تەمەنی ١٢ ساڵی ناچار دەکرام بە ئەنجامدانی سرووتگەلێکی ئایینی کە هیچیان لێ تێنەدەگەیشتم، هەروه‌ها وەک گەورەکانی نەتەوەکەشم تا ئێستا لێیان تێناگەن، هیچ مانایەکی ڕوون و ئاشکرای “ڕۆحی”یان نەبوو، هیچ نەبوون جگە لە ڕاهێنانی منداڵی منداڵ یا مێردمنداڵ لەسەر کۆمەڵێک خووی بێناوەڕۆک به‌بێ ئەوەی ڕۆڵێکیان لەسەر گەشەکردنی مرۆیی هەبێت، چ عەقڵی و چ ڕۆحی، ئێمە و بێ ئەوەی من یا ئێمە هیچ ڕۆڵێکم هەبێت لە شکڵبەخشین پێیان، ڕاهێنانم لەسەر وێناکردن و ناودیتنێکی ئیشکالیەتئامێزی اللە. ئیدی لە دوای تەمەنی ١٢ ساڵیمەوە ئەم حاڵەتە، ئەم مامەڵەکردنە، ئەم دنیابینییە ئایینییە بووە کێشەیەکی ڕۆحی و بە بەردەوامی گینگڵم پێوە دەخوارد. با داستانەکە کورت بکەمەوە.

ساڵی ١٩٨٠ لە بەشی فەلسەفەی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغداد دەستم کرد بە خوێندنی فەلسەفە، عیلمی کەلام و فەلسەفەی ئیسلامی و عیرفانم لەسەر دەستی چەند مامۆستایەکی بەڕێز خوێند، لەوانە مامۆستام شادڕەوان د. حوسام ئالوسی و شادڕەوان د. عیرفان عەبدولحەمید و د. ئەمیر ئەعسەم، ئینجا بە د. کامیل شیبی و د. جەعفەر ئال یاسین و مەدەنی ساڵح و بیرمەندە میسرییەکان ئاشنا بووم. ڕاستە ئەمانە ئاسۆی بیرکردنەوەی منی قوتابیی فەلسەفەیان بەرفراوانتر کرد، زیاتر بە کێشەکانی ناو عیلمی کەلام و فەلسەفەی ئیسلامی و ئەهلی تەسەوف و ئەهلی تەشەیوع ئاشنایان کردم، بەڵام لە هەمان کاتدا نیگەرانییەکانم دەربارەی کێشە سیۆلۆژییەکان و ئەو کایانە و بەتایبەت وێناکردنی مرۆڤی مسوڵمان، ڕاسترە بڵێم ئەو وێناکردنه‌ی پیاوانی ئایینی کە بۆ مرۆڤی مسوڵمان دایان تاشیوە، بۆ اللە زیاتر و زیاتر بوو، بگرە نامۆبوون و برینە ڕۆحییەکەم نه‌ک ساڕێژ نەبوو، بەڵکو قووڵتر و قووڵتر بووەوە. لە نێو ئەو بەڕێزانەی کە ناوم هێنان، من زۆرتر لە شادڕەوان د. حوسام ئالوسییەوە نزیکتر بووم و پەیوەندییەکی مامۆستا و قوتابی، ڕاسترە بڵێم مامۆستا و شاگرد و بگرە هاوڕێیانە، دوو هاوڕێی عاشقی حەقیقەت لە نێوانماندا هەبوو. ئەو زاتە هیوای زۆری پێم هەبوو، ئەویش بە هۆی بزێویی عەقڵیم و عەجولیم لە پرسیارکردن و هەوڵدان بۆ تاقیکردنەوەی عەقڵییانەی هەموو ئەو شتانە، ئەو ئایدیایانە و بەو چەمکە ئیسلامییانەی کە دەمانخوێندن و شیمان دەکردنەوە، لە نێوانیاندا بیروبۆچوون یا غەمە گەورەکەی من، ئەویش وێناکردنی اللە و دیتنی وەک سەروەری هەموو گەردوون و لەوانەش سەروەری ئیرادەی مرۆڤ، بگرە سەروەرێک کە ئیرادەی مرۆڤی سه‌لب کردووە و مرۆڤی تەنیا بۆ پەرستنی خۆی خوڵقاندووە، نەک بۆ ئەوەی مرۆڤ ژیانی خۆی بە ئازادانە بژی. بە هۆی ئەو متمانەیەی کە لە نێوانماندا دروست بووبوو، لە چەندین بۆنەدا لە بەردەم ئەو زاتەدا، د. حوسام، کە شارەزایەكی گەورەی عیلمی کەلام و فەلسەفەی ئیسلامی بوو، دەکرامەوە و غەم و نیگەرانییەکانم دەربارەی ئیسلام و کێشە ڕۆحی و عەقڵییەکانی ئیسلام، کێشەکانی دنیابینیی ئیسلامی و بەتایبەت لەمەڕ مرۆڤ و خودا لەتەکیدا باس دەکرد. لە هەمووی دیارتر، زۆر جاران لە دیدارەکانماندا باسی ئەوەم دەکرد کە من کاس بووم بەو وێناکردنە ناعەقڵییانەی ئیسلام بۆ اللە، ئەو دیتن و وێناکردنە کە خاڵی خاڵییە لە عەقڵانیەت و ڕۆحانیەت و بگرە اللەشی لە عەقڵ و ئیرۆس داماڵیوە و تەنیا و تەنیا وەک ئیرادەیەکی ئەودیو عەقڵ و مانا لێی دەڕوانێ، بە شێوەیەک، کە ئێمە ناتوانین بپرسین بۆ؟ ئەم ڕایە، ئەم فەرمانەی اللە بۆچی وایە و بنەما عەقڵییەکانی یا هۆ عەقڵییەکانی چین؟ چۆن اللەیەک ئەم هەزاران هەزار ئەستێرانە، بەڵکو کۆمەڵەی خۆرەی دروست کردووە، بەڵام حەزی بە پرسیاری “بۆ؟” نییە و نایەوێت ئێمە پرسیارکەر، بیرکەرەوە، خاوەن عەقڵی شیکاری و ڕەخنەیی بین و تەنیا و تەنیا داوامان لێدەکات کە “بلا کیف”، واته‌ بێ پرسیار ئیمان بهێنین؟ مرۆڤ بۆچی هێندە لە دیدی اللەوە تەحقیر کراوە؟ بۆچی لە قورئاندا مرۆڤ بە جاهل و زاڵم و نەفام و ئاژەڵ و گومڕا و ڕێگه‌لێونبوو ناوزەد کراوە؟ سەلبکردنی ئیرادەی مرۆڤ لە ئیسلام و بەتایبەت لە شەریعەت و فیقهی ئیسلامدا مانای چییه‌؟ دیارە لێرەدا هەق بە خۆم نادەم ڕاگوزەرانە قسە لە دایەلۆگەکانی خۆم و ئەو ئوستادە بەڕێزە بکەم، بەتایبەت ڕاوبۆچوونی بەڕێزیان. هێندە هەیە مەبەستی من لێرەدا ئاماژەکردنە بە گینگڵدانە ڕۆحی و فیکری و مەعریفییەکەی خۆم.

کتێبخانەی عەرەبی خۆی دەروازەیەکی چاک بوو بۆ گەشتە فەلسەفییەکەم، دواجار کتێبخانەی فارسی و ئینجا کتێبخانە نا، بەڵکو زەریا گەورەکەی “کتێبخانە”ی ئینگلیزی و خوێندنی فەلسەفە لە دوو ئەکادیمیای ئەمه‌ریکای ژووروودا و زیاتر ئاشنابوون بە ئۆقیانووسی میراتی فەلسەفەی خۆرئاوا زۆرێک لە لوغز و مەتەڵە دروستکراوە بێبناغەکانی لە ئیسلامدا لە بەردەممدا واڵا کرد. موعەمای اللە لە بەردەممدا واڵا بوو، گرێکوێرەکە کرایەوە، خۆری حەقیقەت دەرکەوت و من لە ئەشکەوتەکە هاتمە دەرەوە و چاوم بە ڕووناکیی حەقیقەت هەم ئاشنا بوو و هەم ڕاهات. وەک کەسێکی دیلی ناو ئەشکەوت کە ئەفلاتۆن لە کتێبی کتێبەکاندا، دایەلۆگی کۆمار، باسی لێوە دەکات. وێڕای ئەمەش، هێشتا سەهۆڵبەندانە گەورەکە، شاخە بەفرینە سەختەکان نەتواونەتەوە، بە مانای ئەوەی کە منی ڕزگاربوو لە ئەشکەوتی تاریکی و زوڵوماتی ئیسلامی ناتوانم قسە بکەم، بە واتای پێوار (غیاب)ی ئازادیی دەربڕین و ئازادیی بیروڕا لە ناو جیهانی ئیسلامی و لە وڵاتە پڕ کڵۆڵی و داگیرکراو بە دۆگما و جەهل و بیرنەکردنەوەکەی مندا، بەتایبەتی پێواری مافی قسەکردن لەسەر ئایین و بەتایبەتیتر نەبوونی هەقی قسەکردن لەسەر اللە کە حەرامی حەرامەکانە و ئەم ستەمکارییەش چەندین جار تۆختر و تۆختر بووه‌تەوە دوای سەرهەڵدانی فاشیزمی ئیسلامی لە کوردستان بە نوێنەرایەتیکردنی ئیخوانەکان، واتا لقەکەی ئیخوان لە کوردستان، واتا یەکگرتووی ئیسلامی و سەلەفییە وەهابییەکان کە بە پارەی پترۆدۆلاری وڵاتانی کەنداو و فەسادی ئیدارەی بەڕێوە دەچن، کە ئامانج لەم بزووتنەوە ئیسلامییانە سەرجەم لێدانە لە کوردبوون، هۆشیاریی نەتەوەیی و لێدان لە خەونێکی مرۆڤی کورد لە دەرەوەی پرۆسەی بەئیسلامبوون، کە خۆی بریتییە لە پرۆسەی بەعەرەببوون، بەپاکستانیبوون، بەئەفغانیبوون، بەسۆماڵیبوون و بەسعودیەبوون بە پلەی ئیمتیاز.

کتێبێک نەماوە کە لەسەر خودا لە فەلسەفەدا نووسرابێت ده‌ستم پێی گه‌یشتبێت و نەمخوێندبێتەوە، ئەمە لە پاڵ سەدان کتێب لەسەر ئیسلام و ئیشکالیەتە فیکری و ئەخلاقی و سیۆلۆژییه‌کانی ناو فیکری بەناو ئیسلامی، بەڵام تا ئێستا بە هۆی پێواری ئازادییەوە نەمتوانیوە بەری ڕەنجی ماندووبوونی فیکری و تێڕامانی خۆم، بە لانی کەمەوە لەسەر خودا بخەمە ڕوو، ئه‌وه‌ش بە هۆی ترۆر و ستەمکاریی هێزە ئیسلامگەراکانی کوردستانەوە. کاتێک کە کتێبی “داخستنی عەقڵی مسوڵمان”م خوێندەوە، شاگەشکە بووم، بە خۆمم گوت بە لایه‌نی کەمەوە لە ئێستادا وەرگێرانی ئەم کتێبە، کە بەشێکی کەمی لەسەر ئیشکالیەتی ئەو وێناکردنەیە بۆ اللە لە ئیسلامدا و بە دەقیقی ڕەهەندە پڕ گیروگرفت و ئازاراوییەکانی ئەو وێناکردنە کەمێک تینوێتیی تۆ و خوێنەرانی لە چەشنی تۆ دەشکێنێت. کەواتە هۆی یەکەمی هەڵبژاردنی من بۆ ئەم تێکستە بەشێکی تایبەتە بەم کێشە گەورەیەی ناو بەناو فیکر و سیۆلۆژیای ئیسلام، لە لایەکی دیکەوە بەشێکی دیکەی تایبەتە بەو غەم و نیگەرانییە فەلسەفییەی من، کە داستانەکەی بەشێک لە ژیانی من بووە تا ئێستا.

سەرهەڵدانی ئیسلامگەرایی لە کوردستاندا سەرەتای مەرگی هەر هەوڵێک بوو بۆ ئازادی و بیرکردنەوەی ئازاد و هەر خەونێکی مرۆڤی کورد بوو بە بیرکەرەوە و ڕۆحی ئازاد (Free spirit) و بیرکردنەوەی ئازاد (Free thought)، سەرەتای تەعریبکردنەوەیەکی دیکەی کورد و جڤاتی کوردی بوو. بێگومان دواجار سەرهەڵدانی وەهابییە سەلەفییەکان خۆی تۆخکردنەوەی فاشیزمی ئیسلامی بوو لە کوردستان. لەم هەلومەرجەدا ئێمەی ئازاد و خاوەن بیرکردنەوەی ئازاد و ئێمە کە ڕۆحێکی ئازاد و سەربەخۆین، بێگومان ڕووبەڕووی خەفەقان و ترۆری کەسایەتی و ترۆری جەستەیی و ستەمکاری دەبینەوە و بواری ئەوەمان نییە، ئازادانە بەیانی بیروڕاکانمان بکەین.

هۆیەکی دیکەی بڕیاری وەرگێڕانی ئەم تێکستە گرنگە بۆ سەر زمانی شیرینی کوردی، لە ڕاستیدا بریتییە لە ئەو پاشاگەردانییەی کە لە نێو نووسینی کوردیدا هەیە لەمەڕ ئیسلامگەرایی بەگشتی و دەوڵەتی ترۆریستیی ئیسلامی لە عێراق و شام بەتایبەتی. وەک دەبینن، کتێبی “داخستنی عەقڵی مسوڵمان” ناونیشانی دووەمی بریتییە لە “چۆن خۆکوشتنێکی عەقڵی، قەیرانی ئیسلامگەرایی مۆدێرنی دروست كرد؟”. کەواتە ئەم کتێبە دەربارەی ڕیشە سیۆلۆژییەکانی ئیسلامگەراییە لە ناو “فیکری ئیسلامی”دا، کەواتە قسەکردن لەسەر ئەوەی “ئیسلامی سیاسی”، یا “دەوڵەتی ترۆریستی ئیسلامی لە عێراق و شام” و “قاعیدە و ئیخوانی عالەمی” وەک دیاردەیەکی سەر بە مۆدێرنیتی بێئاگاییەکی تەمام عه‌یاره‌ لە باشترین حاڵەتیدا و لە خراپترین حاڵەتیشدا تێنەگەیشتنە لە مۆدێرنیتی و لە ئیسلامگەرایی. ئەو گفتوگۆ بێزەنتییە دوور لە فیکر و مەعریفەیەی کە لە نووسینی کوردی و لەو بیمارستانە گەورەیەدا کە پێی دەڵێن “میدیای کوردی”، خۆی بەیان دەکات، بەیانکردنی نەک بێئاگایی، بەڵکو بەیانکردنی خۆخەڵەتاندن و خۆفریودان و گومڕاییە، هەوڵێکی گەورەیە بۆ ڕاکردن لە تێگەیشتن، لە بیرکردنەوە، لە واقیعی حاڵ، لە ڕاستیی شتەکان کە وەک ڕۆژی ڕووناک دەدرەوشێنەوە و بە ڕاستییەکانیان چاومان، گوێمان، هەستەکانمان، ڕۆحمان ئەزیەت دەدەن.

قسەکردن لەسەر دەوڵەتی ترۆرستی ئیسلامی لە عێراق و شام وەک دیاردەیەکی سەر بە پرۆژە گەورەکەی ئازادکردنی مرۆڤ، واتا مۆدێرنیتی، جگە لە تێنەگەیشتن لە مۆدێرنتی وەک پرۆژەیەک، جگە لە تێنەگەیشتن لە ڕۆشنگەری کە تەمەنی ٤٠٠ ساڵە، لە ڕێنسانسەوە بۆ هیوم و سپینۆزا و کانت و هیگڵ و شۆڕشی ئەمه‌ریکی و فەڕەنسی، خۆی لە خۆیدا هەم ناپاکییە لە پرۆژەیەکی مەزنی عەقڵی و ژیاندۆستی و دەرکەوتە فیکری و شارستانییەکان، هەم بەیانکەری بێئاگاییە لە مێژووی فیکر و فەلسەفە لە موعجیزەکەی یۆنانەوە تا کۆماریخوازی و لیبراڵیزمی هاوچەرخ. سه‌یركردنی دەوڵەتی ترۆرستی ئیسلامی لە عێراق و شام وەک ئەوەی دیاردەیەکی سەر بە مۆدێرنتی بێت، تەنیا لەبەر ئەوەی تەنیا تەکنۆلۆژیای مۆدێرن، یا لەبەر ئەوەی ئامرازەکانی ماس میدیا بەکار دەهێنێ، ناونانی بە مۆدێرن و سەر بە پرۆژەی مۆدێرنیتی بە دیموکرات، نەک سەفسەتەیە، بەڵکو بیرکردنەوەیە لە پلەی سفردا. ئەمەش ئەو شتەیە کە خۆی لە نووسینی پڕ لە کڵۆڵی و بێچارەیی کوردیدا خۆی بەیان دەکات. ئەم کتێبە بە زمانی شیرینی کوردی بریتییە لە کۆتایهێنان بەو سەفسەتەیە و بەو بیرنەکردنەوەیە. ئەم کتێبە کارێک دەکات کە تێگەیشتن لە ئیسلامگەرایی بەگشتی، واتا فاشیزمی ئیسلامی و بەتایبەتی تێگەیشتن لە ئیرهابی ئیسلامی لە جیهاندا شیاو و مومکین بێت، گفتوگۆکە دەبات بۆ ئاستێکی باڵای مەعریفی کە خۆی بە جێهێشتنی خوو و کردار و تەنبەڵیی وتار و سادەیی میدیایی و دیداری تەنبەڵانەی تەلەفزیۆنە زیاد لە پێویست جەهل پەخشکەرەوەکانی کوردستانە. هەر ئەوه‌ش بوو هۆی دووەمی دیاریکردنی ئەم تێکستە بۆ وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی کوردی.

هۆی سێیەم بریتییە لە مەوقعی فەلسەفە لەناو میراتی ئیسلام و ئەو هێرشە پڕ لە گەمژەییەی کە لە ناو ئەو مێژووە پڕ لە خوێنە و لە ناو ئەو میراتەدا کراوەتە سەر فەلسەفە. وەک دەزانین، چرکەساتی پرشنگداری ئیسلام بریتییە لە چرکەساتی بەیۆنانیکردنی ئیسلام، واتا ئاشناکردنی ئیسلام و مسوڵمانە بەستەزمانەکانی بە فەلسەفەی یۆنانی و بە لۆگۆس، واتا خودی عەقڵ لە سەردەمی زێڕینی ئیسلامدا، لە ڕێگه‌ی وەرگێڕانی هەندێک، نەک هەموو، میراتی فەلسەفەی یۆنانی کە بریتییە لە موغامەرە پڕ سەرکێشەکەی عەقڵی مرۆڤ بۆ فەلسەفاندن و بیرکردنەوە و بەرزنرخاندنی ڕۆڵ و دەنگی عەقڵ لە تێگەیشتن لە خودی واقیع و کەینونە. ئەم کتێبە باس لە ترۆرکردن و ڕاوەدوونانی فەلسەفە و بیرکردنەوە دەکات لە مێژووی ئیسلامدا، چارەنووسی فەیلەسوفەکان کە ترۆرکردن، دەربەدەرکردن، کە خۆی چارەنووسی فەلسەفەیە لە ئیسلامدا، کە مانیفێستی سەرەولێژبوونەوە و داڕزانی شارستانیه‌تی ئیسلامییە. با به‌بێ پەردە و ڕاشکاوانە بڵێم، فەلسەفە دامەزرێنەری مەدەنیەتە، واتا فەرهەنگ و شارستانیه‌تی، ترۆرکردنی تا ڕاوەدوونانی فەلسەفە، یا شاربەدەرکردنی فەلسەفە و فەیلەسوفەکان، کە ئامۆژگاری و پێشنیازی چەندان مەلا و فەقێی ئیسلامە، لەوانە مەستبووەکان بە مەزهەبی ئەشاعیرە و حەنابلە و غەزالی و خودی مەستبوان بە مەزهەبە کەلەڕەقە بێڕۆحەکەی شافیعی بووە و هەیە، خۆی جگە لە کارەساتێکی شارستانی و ترۆرکردنی مەدەنیەت و فیکر و ئەخلاق هیچی دیکەی لێنەکەوتووه‌تەوە. ئەمڕۆ لە کوردستانەدا، ئیسلامگەراکان و بەتایبەت سەلەفییەکان شێلگیرانە سەرقاڵی دژایەتیکردنی فەلسەفە و عەقڵ و بیرکردنەوەن. سەلەفییەک لە ئامۆژگارییەکی ترسناک و دژ بە فیکر و فەلسەفەدا دەڵێت “فەلسەفە بریتییە لە گەڕان بەدوای تینوێتی شکاندندا، لە کاتێکدا کە سەرچاوەیەکی ڕوون و سازگارت لە بەردەمدایە، فەلسەفە واتا گەڕان بەدوای چڵپاو و زەلکاو و پیسیدا تا تینوێتیت بشکێنێ” (ئەمە مەغزای قسەکەیەتی، نەک ئیقیباسی تەواو)، کەواتە فەلسەفە لە دیدی ئەم سەلەفییەوە بریتییە لە گەڕان بەدوای چڵپاو و زێرابدا بۆ شکاندنی تینوێتیی مەعریفە. دیارە لە پاڵ ئەوەی کە ئەمە گەمژەییەکی لە ڕادەبەدەره‌ و عەقڵ ناتوانێت لێرەدا هیچی هەبێت بۆ گوتن، چونکی قسەکردنی عەقڵ لەسەر ئەرگومێنتە، نەک ڕایەکی ناعەقڵییانەی بانگخوازێکی کاڵفام، بەڵام تەعبیرکردنێکە لەسەر ئەو هەوڵە ترسناکەی کە لە کۆمەڵگای کوردیدا دەدرێت بۆ ڕێگەگرتن لە فەلسەفە و کارکردنی فەلسەفە و پرۆژەی عەقڵانیەت و سەرڕێگه‌خستنی پرۆژەیەکی ڕەخنەیی، یا وەک من لە چەندین بۆنەدا گوتوومە، هەوڵی زەمینەسازی و ڕێگەخۆشکردن تاکو فەلسەفە لە ماڵە هەژارەکەی کورددا سوکنایی بکات، ئێمە میوانداری لە عەقڵ و فەلسەفە بکەین تا ڕزگارمان بکات لە بێئاگایی و لە کێویبوون.

وەرگێڕانی ئەم تێکستە، کە وەرگێڕانی تێکستی دیکەی فەلسەفی لە ئەجێندا فیکرییەکەی ئێمەدایە، لە خزمەت فەلسەفە و هێنانی فەلسەفەیە وەک میوانێک بۆ سەر خوانە پڕ لە شکست و جەهل و نەهامەتییەکەی کورد، لەو دیدەوە کە فەلسەفە ڕزگارکەری مرۆڤی کوردە، نەک وەحی، نەک ئایین، نەک ئایدیۆلۆژیای موتوربەکراو بە فاشیزم. ده‌بێت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكه‌م له‌م تێكسته‌دا چه‌ند ئایه‌تێكی قورئان هاتوون، ئێمه‌ له‌بری وه‌رگێڕانی ئایه‌ته‌كان، پشتمان به‌ وه‌رگێڕانه‌كه‌ی هه‌ژار موكریانی به‌ستووه‌ و ئایه‌ته‌كانمان ڕاسته‌وخۆ له‌ وه‌رگێڕانه‌كه‌ی هه‌ژاره‌وه‌ گواستووه‌ته‌وه‌.

ماوەتەوە بڵێم کە ئەم تێکستە لەم کتێبەوه‌ وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.

ڕۆبەرت ڕایلی کێیە؟

ڕۆبەرت ڕ. ڕایلی توێژەرێکە لە American Policy Council. لە زانکۆی National Defense University وانەی گوتووه‌تەوە و لە ساڵانی ١٩٨٣ بۆ ١٩٨٥ لە کۆشکی سپی وەک ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمه‌ریکا کاری کردووە.

لە ماوەی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٦ ڕاوێژکاری ئۆفیسی وەزیری بەرگریی ئەمه‌ریکا بوو. یەکێکە لە دۆستەکانی کورد لە ئەمریکا.

لە بەرهەمەکانی دیکەی نووسەر:

Surprised by Beauty: A Listener’s Guide to the Recovery of Modern Music (2002)

ماوەتەوە کە سوپاسی هاوڕێ ئازیزەکانم، کاک هاوژینی مەلا ئەمین و کاک ئارام حاجی و نێوەندی غەزەلنووس بکەم، هەر کەسە بە ڕۆڵی خۆی هەوڵی داوە ئەم کتێبە گرنگە بە شێوەیەکی گونجاو و دروست بکەوێتە بەردەستی خوێنەرە جیدییەکانی کورد، سوپاس و پێزانین بۆ هەموو لایەکیان

فاروق ڕەفیق

٥/١٠/٢٠١٥

سلێمانی

 

داخستنی عەقڵی مسوڵمان

چۆن خۆكوشتنێكی عەقڵی قەیرانی ئیسلامگەرایی مۆدێرنی دروست كرد؟

نووسینی: رۆبێرت. ر. رایلی

فاروق رەفیق لە ئینگلیزییەوە کردوویە بە کوردی

چاپ: یەکەم

چاپخانه‌: تاران- پەنجەرە

زنجیرەی کتێب (١٢)

پرۆژەی هاوبەشی ماڵی سوهرەوەردیی و ناوەندی غەزەلنووس

بڵاوكار: ماڵی سوهرەوەردیی

خوێنەری ئازیز! ئەم بەرهەمە لە کتێبفرۆشیی غەزەلنووس و کتێبفرۆشییەکانی دیکە دەست دەکەوێت.

له‌ ماڵپه‌په‌ڕی کتێبفرۆشیی غەزەلنووس وه‌رگیراوه‌.

 

 

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: